٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زیر: چەند رۆژێکە کارەبا باشتر بووە.. پڕۆژەی دێرەلۆک کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند بە درێژایی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە دەیەی 80ـی ڕابردووشه‌وه‌ لەسه‌ر ئاستی عێراق، پرۆژەی دێرەلۆک بە یەکەم پڕۆژەی کارۆئاوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەژمێردرێت.

کەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری کارەبای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند: پرۆژەی دێرەلۆک بە یەکەم پڕۆژەی کارۆئاوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەژمێردرێ، كه‌ بە دوو یەکەی بەرهەمهێنان، 38 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت و لەسەر قەرزی رێکخراوی جایکای ژاپۆنی بە تێچوونی 129 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.

باشبوونی ڕه‌وشی كاره‌با

له‌باره‌ی باشبوونی ڕه‌وشی كاره‌باوه‌، گوتی: چەند رۆژێکە رەوشی کارەبا باشتر بووە، ئەوەش پەیوەندی بە گەڕانەوەی دوو یەکەی کۆمپانیای ماس هەیە کە لە رۆژی 15ی حوزەیران، پێنج یەکەی کۆمپانیاکە بەهۆی چاکسازی لە کار کەوتن و دواتر بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت 40 ملیۆن دۆلار وەک حەقدەست بۆی تەرخان کرا و دوو  یەکەی بەکار خراوە.

دووپاتیشی كرده‌وه‌: ئێستا بە شێوەیەکی مامناوەندی رۆژانە 15-16 کاتژمێر کارەبا لە سەرانسەری ھەرێمی كوردستان دەدرێت.

زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر كاره‌با

له‌باره‌ی زێده‌ڕۆییشه‌وه‌، وه‌زیری كاره‌با گوتی: لە شەش مانگی کۆتایی 2019، شەش مانگی یەکەمی کابینەی نۆیەم 6 هەزار سەرپێچی لابراون، لە ساڵی 2020 گەیشتە 10 هەزار سەرپێچی و لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵیش 5 هەزار سەرپێچی لابراون، کە دەکاتە 21 هەزار سەرپێچی.

بۆ نە‌هێشتنی سەرپێچییەکان و پێدانی کارەبا لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە بە هەندێ شوێنی وەک (بازرگانی، ماڵ و پێشەسازی) لیژنەیەک بە ئەندامەتی هەر چوار وەزارەتی ( کارەبا، داد، شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو) پێکهات، پێدانی کارەبا بەم شوێنانە بەم مانایە نییە کە رەواتی بدات بەوەی کە بە یاسایی دروست کراون، بەڵکو تەنیا بۆ خەملاندنی کارەباکەی بووە.

قەرزی کرێی کارەبا

وه‌زیری كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان ڕاشیگه‌یاندووه‌: بە پێی یاسا و رێنوێنی، هەر هاوبەشێکی کارەبا ئەگەر دوو جار بە سەر یەکەوە کرێی کارەبا نەدات، کارەباکە دەبرێت، بەڵام ئێمە دۆخی هاووڵاتیانمان لە بەرچاو گرتووە و کارەبای کەسمان نەبڕیوە.

لە ماوەی نۆ مانگدا، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە %15ی لێخۆشبوون بۆ قەرزی کرێی کارەبا هەبوو.

ئێستا قەرزی هاوبەشانی کارەبا دەکەینە 12 قیست، کە دەتوانن مانگانە لەگەڵ کرێی کارەباکەیان بدەن.

پێوەری زیرەک

تا ئێستا 800 هەزار پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون.

بەر لە پرۆژەی پێوەری زیرەک بە فیڕۆچوونی کارەبا لە%44 بوو، ئێستا بۆ %36 نزم بووەتەوە.

لە %12 بە فیڕۆچوونی کارەبا بابەتێکی تەکنیکییە و لە تەواوی جیهاندا هەیە.

بە هۆی پێوەری زیرەکەوە، لە 7 مانگی 2021 لە بەروارد لەگەڵ 7 مانگی 2019، بە رێژەی 3.12 کاتژمێر کارەبامان زیاتر داوە.

سوودەکانی دیکەی پێوەری زیرەک

- بۆ خوێندنەوەی پێوەر ناچینە ناو ماڵان

- زێدەڕۆیی کەم بووەتەوە

- پاراستنی تۆڕەکانی کارەبا باشتر بووە و سووتانی گۆڕەر چارەسەر بووە.

- سنوودارکردنی بڕی پێدانی کارەبا بۆ 40 ئەمپێر، ئەگەر هاوبەشانی کارەبا رازی بن لە زستان و هاویندا ئەم بڕە کەمتر بکرێت، دەتوانین کارەبای زیاتر بدەین.

- نەهێشتنی سەرپێچییەکان ئاسانتر بووە و پێویستی بە چوونی لیژنەکانی سەرپێچی نییە، کە هەندێجار کێشە لێ دەکەوتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار