٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کۆبوونەوەی ھەردوو وەزیرەکە بۆ ھەولێر و بەغدا گرینگە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە لاپەڕەیەکی نوێ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بکرێتەوە و بەگوێرەی دەستوور کێشەی تەکنیکی و بەربەستە دارایییەکان چارەسەر بکرێت لەپێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و تەئکیدیش لەوە کرایەوە کە پێویستە پێکەوە کار بکرێت. بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراقیش گوتی، ئەو کۆبوونەوەیە زۆر گرنگ بوو، چونکە بوونی ئەو ھەماھەنگی و کۆبوونەوانە دەبێتە ھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە دارایی و نەوتەوە ھەیە چارەسەر بکرێن.

بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق، دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبوونەوەی ھەردوو وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری نەوتی عێراق گرنگیی زۆری ھەیە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە کۆمەڵێک کێشە لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، بەتایبەت کێشەی دارایی، بۆیە گرنگە سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.''

دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: "داھاتی سەرەکیی ھەرێم و بەغدا داھاتی نەوتە، بۆیە ئەگەر لەسەر نەوت بگەنە ڕێککەوتن و ھەماھەنگی ھەبێت کێشەکان زووتر چارەسەر دەکرێن، بۆیە ئەو کۆبوونەوەیە دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێککەوتنیش لە نێوان ھەردوولا ھەیە لەبارەی نەوت و تەنھا لەسەر داھاتە سیادییەکان ھەندێک کێشە هەیە.''

نەبی باسی لەوەش کرد: "ئەگەر پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا باش بێت، وڵاتانیش زیاتر ددان بە نەوتی ھەرێمدا دەنێن و کۆمپانیای زیاتر دێنە ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی نەوتەوە زۆر گرنگ و ئیجابییە و پێویستە ڕێککەوتن لە ھەموو بوارەکاندا ھەبێت، بەتایبەت لە بواری نەوت.''

گوتیشی: "ئەو کەشە خۆشەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، زیاتر کۆمپانیاکان ھان دەدات بێنە ھەرێمی کوردستان و لە بواری نەوت کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆیە ھیوادارین پەیوەندییەکان بەردەوام بن و ھەرچیی کێشە ھەیە چارەسەری بکەن.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار