کاندیدێکى پارتى له سلێمانی: ئامانجمان ڕاستکردنه‌وەی ئه‌و هه‌ڵە ده‌ستوورییانەیە که به‌رانبه‌ر به مافى هاووڵاتییان کراوه

سلێمانی -PDK.info- کاندیدێکى پارتى دیموکراتى کوردستان له پارێزگاى سلێمانى باس له‌و هێڵە گشتییانه ده‌کات که کردوویه‌تییه به‌رنامه‌ى کارى خۆى له خولى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق و ده‌ڵێت، ئامانجیانه له ڕووى یاساییه‌وه کار بۆ جێبه‌جێکردنى ته‌واوى ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه بکه‌ن که وه‌ک مافى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانن و لە ده‌ستوورى عێراقدا ئاماژه‌یان پێ کراوه، که نزیکه‌ى 55 مادده‌ى ده‌ستوورییه و له‌لایه‌ن حکوومه‌تى عێراقەوە پێشێلی ده‌ستوورى کراوه و کارى پێ ناکرێت.
یادگار مه‌حموود، کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان له پارێزگاى سلێمانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "بێگومان پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانى هه‌رێمى کوردستان و پاراستنى کیانى ده‌ستوورى و یاسایی‌ی هه‌رێم و کاراکردنى کۆمه‌ڵێک ده‌سته و دامه‌زراوه‌ى سه‌ربه‌خۆ که ده‌ستوورى عێراق بۆ خۆى ئاماژه‌ى پێ کردووه، به‌ڵام تا ئێستا کارا نه‌کراوه و دروست نه‌کراون، له‌وانه ده‌سته‌ى چاودێرى که به‌رپرسه له داهات و خه‌رجییه‌کانی عێراق و ناردنى پشکى هه‌رێم و پارێزگاکانى عێراق. جگه له‌وه‌ش، کارکردن بۆ پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نى فیدراڵى که زۆر گرنگه بۆ پێداچوونه‌وه به یاساکان دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ند بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بزانرێت ئه‌و یاسایه‌ی ده‌رکراوه خیلافى یاسا نییه، یان لایه‌نى که‌م گونجاو بێت بۆ ئه‌وه‌ى له واقعدا کاریان پێ بکرێت".
گوتیشى: "مه‌به‌ستمانه به‌بێ جیاوازى خزمه‌تى ته‌واوى پارێزگان بکه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیداره به پشکى پارێزگاکان و ئه‌و بودجه‌یه‌ى که بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک له چوارچێوه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاکان ته‌رخان کراوه، بێگومان فۆکسمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت و، به حوکمى ئه‌وه‌ى ئێمه کاندیدین له پارێزگاى سلێمانى بێگومان به‌رنامه‌ى تایبه‌تیشمان هه‌یه بۆ خه‌ڵکى خۆشه‌ویستى ئه‌م ده‌ڤه‌ره هەیە و ئێستا له زۆر شوێن و جێگه هاووڵاتییان پێویستیان به پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارییه، ئه‌وانه‌ى که په‌یوه‌ندیدارن به ژیانى ڕۆژانه‌ى هاووڵاتیانەوە، دڵنیایان ده‌که‌ینه‌وه که درێغى ناکه‌ین، به کرداریش ئه‌وه‌مان له ڕابردوودا سه‌لماندووه".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "یه‌کێکى تر له هێڵه گشتییه‌کانى ئێمە کارکردنه له‌سه‌ر بابه‌تى یه‌کڕیزى و یه‌کده‌نگیى کورد و بوونى گوتارێکى هاوبه‌شى کوردستانیانه له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌مه به‌شێکه له نه‌هج و به‌رنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان کە هه‌ر له سه‌ره‌تاى دروستبوونییه‌وه پارتى بڕواى وا بووه هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ى که به‌دی هاتوون و له داهاتوودا به‌دی دێن، به‌ره‌نجامه‌که‌ى هه‌ر یه‌کڕیزی بووه، ئه‌م ڕۆحیه‌تى پێکه‌وه‌بوونه هه‌میشه به‌شێک بووه له نیه‌ت و مه‌به‌ستى کاندیدانى پارتى و له داهاتووشدا بێگومان درێژه‌ى پێ ده‌دەین."
یادگار مه‌حموود، ئێستا له پارێزگاى سلێمانى به ژماره (23) له بازنه‌ى ( 1) کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستانە بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
ئەرسه‌لان ئه‌حمه‌د




