٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شاندێکی باڵای سەربازیی ئەمەریکا سەردانی عێراق و کوردستان دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شاندێکی باڵای سەربازیی ئەمەریکا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات. عێراق پێی ناوەتە قۆناغی نوێی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستانیش وەک کاراکتەرێکی گرنگی ناوچەکە ڕۆڵی بەھێزی ھەیە لە پاراستنی ئارامیی ناوچەکە و ڕێگرتن لە تیرۆر و، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی، لە سەقامگیریی ناوچەکەدا و پێشنیارەکانی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەھەند وەردەگیرێت.

قۆناغی چوارەمی گفتوگۆی عێراق و واشنتۆن پێی ناوەتە گفتوگۆی خێرا و بڕیادەرەوە. بەشێک لە سەرکردە عێراقییەکان پێیان وایە ناکرێت ویستی پێکھاتەیەک لە عێراق فەرز بکرێت بەسەر ئەوانی دیکەدا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا، چونکە بارودۆخی ھەموو عێراق وەک یەک نییە، بۆ نموونە ناوچە سوننەکان نە ھێزی ڕێکخراویان ھەیە تا لە مەترسییەکان بیانپارێزێت، نە گەرەنتیش ھەیە جارێکی دیکە داعش بەو قەبارەوە ھێرش نەکاتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە لەم قۆناغەدا ھەرێمی کوردستان تەواو پێویستی بە ھاوکاری و پشتیوانیی ئەمەریکا ھەیە، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا تا دێت نیگەرانی زیاتر دەبێت و، جووڵەی داعش ترسی دروست کردووەتەوە، یەکەم ئۆپەراسیۆنی بەھێزیان لە مەخموور ئەنجام دا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان داعش و سوپای عێراق لە نزیک شارۆچکەیەکی بەغدا بە ناوی تاڕمیە بەردەوامە، تاکتیکی داعش بەھێزە و تەنانەت سرنجی سێکتەری سەربازیی ئەمەریکاشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەمە وای کردووە کە ئەمەریکا بخاتە بەردەم دوو بژارەوە؛ یەکەم، لە ئەگەری کشانەوەیان عێراق چی بەسەر دێت، بەتایبەت حەشد کە ئێستا تەواو بەھێز بووە و، داعش پێگەی چۆن دەهێڵێتەوە کە تاکیتکی شەڕی گۆڕیوە. دووەم: بابەتێکی تاکتیکییە گریمان ئەمەریکا کشایەوە، ئایا بە چ شێوازێک جارێکی دیکە لە ئەگەری درووستبوونی مەترسی لەسەر عێراق، چۆن بگەڕێتەوە وەک لە ساڵی ٢٠١٤ بینیمان چۆن داعش پەلاماری مووسڵی دا و لە ئەنجامدا حکوومەتی عێراق دووبارە داوای ھاوکاریی لە ھاوپەیمانان کردەوە، چونکە کشانەوەی ئەم جارە ھەم بەپێی ڕێککەوتن دەبێت ھەم قانوونییش دەبێت و دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەمەریکا پەرۆشە بۆ ئارامیی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا کۆشکی سپی زیاتر لە ١١ جار بەیاننامەی لەسەر پاراستنی ئارامیی ھەولێر بڵاو کردووەتەوە، لە ئەگەری کشانەوەی، چی بەسەر ھەولێر دێت؟ لە کاتێکدا ئێستا گەورەترین باڵیۆزخانەی خۆی لە ھەولێر دەکاتەوە. بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، پێنتاگۆن، دیراسەی ئەم دۆخەکە دەکات و بڕیارە شاندێکی باڵای سەربازی و سیاسیی ئەمەریکا بێتە عێراق. ناسر ھەرکی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: "عێراق و ئەمەریکا ڕێک کەوتوون کە کۆتاییی ئەمساڵ، واتە لە ٣١ی ١٢ی ٢٠٢١ ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە و، وا بڕیارە شاندێکی تاکتیکی و سەربازی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام کاتی ھاتنی شاندەکە نەزانراوە  و، ئەوەی ھەیە ئەم شاندە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆ دەبنەوە و، لەو کۆبوونەوەیەدا ئالیەتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی باس دەکرێت.''

ناسر ھەرکی ڕایشیگەیاند: ''کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق ئاسان نییە، حکوومەتی عێراق لاوازە، کاتێک ئەمەریکا دەڕوات دەبێت ھێزێک ھەبێت لەم دۆخەدا عێراق بپارێزێت و ئەم وردەکارییە دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتنەکە. بۆیە بابەتی کشانەوەی تەواوی ئەمەریکا دەکرێت لە عێراق بەو شێوەیە کە باس بەدوور دەزانین، چونکە دۆخەکە جیاوازە و گرووپە تیرۆریستییەکان تا دێت بەھێزتر دەبن.''

بەپێی دواین گۆڕانکاریی سیاسی لە عێراق، تورکیا و ئێران ناڕاستەوخۆ پەیامیان داوەتە عێراق کە بۆ قۆناغی داھاتووی وڵات لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە عێراق پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و ئێران دەبێت. ناسر ھەرکی دەڵێت: "عێراق پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و دەوڵەتانی عەرەبی تا پێگەی خۆی بەدەست بھێنێتەوە".

ھێشتا دیار نییە پاکێجی ئەو شاندەی ئەمەریکا بۆ عێراق و کوردستان چییە، بەڵام ڕەنگ بێت شێوەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکانی عێراق بەبەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان جیاواز بێت، ئەمانە گریمانەن، بەڵام بەھێزترنیان ئەوەیە کە ڕەنگە کات ڕۆڵی ھەبێت بۆ بڕیاردان لەوەی کەی و چۆن ئەو ھێزانە دەکشێنەوە. لیوا بەھجەت سێلکی، بەرپرسی ھەواڵگریی ھێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو شاندە بریارە ھەم سەربازی و ڕەنگە سیاسییش بێت، ئەمەریکا بەئاسانی ناکشێتەوە کە ناوچەکە بشێوێت، کشانەوەی ئەمەریکا مەترسیی بۆ سەر کوردستان زۆر دەبێت، چونکە مەترسیی داعش و گرووپە چەکدارەکان لەسەر ناوچەکە تا دێت زیاتر دەبێت، بۆیە کشانەوەی ئەوان مەترسیدارە و ئەوەتا داعش ببینن چی دەکات".

لیوا بەھجەت سێلکی گوتیشی: "لەگەڵ هاتنی ئەو شاندە شتی نوێ باس دەکرێت و دەبێت ئەمەریکا ئەگەری کشانەوەیانی دیراسەی کردبێت، چونکە قوربانیی زۆریان دا، ھاوپەیمانی دروست کرا و ئەو ھەموو شەھیدە درا لەپێناوی ئاشتیی ناوچەکە و ئێمەش لەو ئاستە نین بەتەواوی خۆمان بپارێزین و پێویستیمان بەھاوکاری ئەوان ھەیە".

ڕایشیگەیاند: ''مەترسی دەکرێت لەگەڵ کشانەوەی ئەمەریکا ھاوکارییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگەش نەمێنێت، چونکە ئێستا جگە لە ڕووی مەشقەوە ھاوکاریی سەربازی و ئابووریش دەدەنە پێشمەرگە.''

ھاوکات لە ڕاگەیەنراوی ئەمەریکا و عێراق بۆ گەڕی چوارەمدا ھاتووە: "شاندی ھەردوو وڵات ڕێک کەوتن دوای وتووێژەکانی تیمە تەکنیکییەکانی نێوانیان، پەیوەندییە ئەمنییەکان بەتەواوەتی دەبنە ڕاوێژکاری، ڕاھێنان و ھاوئاھەنگیی ھەواڵگری؛ ھیچ بوونێکی ھێزی شەڕکەری ئەمەریکییش لە عێراق پاش ڕۆژی ٣١-١٢-٢٠٢١ نامێنێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت پاڵپشتیی خۆی بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دووپات بکاتەوە، لە نێویاندا ھێزەکانی پێشمەرگە لەپێناو بنیادنانی ھێزەکانی لە وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکان".

بەشێکی دیکەی گرفتەکان لەوەدایە کە پێش ڕێککەوتن گرووپە چەکدارەکان بنکەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج و بەشێکیان تەنانەت ئەو گفتوگۆیانە ڕەت دەکەنەوە کە ئێستا ھەیە، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی گرووپی سەیدئەلشوھەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ٨ی ٢٠٢١ ڕایگەیاند: "ئەو دانوستاندنانەی لە نێوان بەغدا و واشنتن بەڕێوە چوون، ئەنجامەکانیان لە ئاست داخوازیی عێراق نین؛ ئەو داخوازییەش بریتییە لە دەرچوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، چونکە دەرچوونی ھێزەکانی ئەمەریکا بە گۆڕینی جلوبەرگیان بەدی نایەت، بەڵکوو دەبێت کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و ھێزە بیانییەکان لە عێراق بەتەواوی بێت؛ ئەگەریش ئەوە بەدی نەیەت ئەوا وەڵامێکی گونجاومان دەبێت".

گوتەبێژی گرووپی سەیدئەلشوھەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێمە بەھۆی داواکاریی جەماوەرییەوە ھێرشەکانمان دژی ھێزە بیانییەکان لە عێراق ڕانەگرتووە، بەڵکوو حکوومەت نێوەندگیریی کردووە و داوای لێ کردین دۆخەکە ھێور بکەینەوە و چیی دیکە ھێزەکانی ئەمەریکا نەکەینە ئامانج.''

سەرجەم ئەم مەترسییانە لە کاتێکدایە پێشتر سەرۆکی خۆشەویستمان، سەرۆک مەسعوود بارزانی، ڕایگەیاندبوو کە دۆخەکە پێویستی بە تێڕوانینی نیشتمانی و بەرپرسیارەتیی گرنگی سەرجەم لایەنەکانەوە ھەیە بۆ ئەوەی ھیچ لایەنێک لە عێراق پەراوێز نەخرێت تا عێراق نەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ٢٠١٤ و ئەم سەرنجانەی سەرۆک بارزانی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەھەند وەرگیراون.

ڕاپۆرتی کارزانی سەباح ھەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار