٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان نووسینگە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە پارتی لە سەرجەم ئەو پارێزگایانەی بارەگای نییە نووسینگە بکاتەوە و سەرپەرشتیی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بکەن و کاندیدەکانیشیان لە ناوچەکانی خۆیان بانگەشە دەکەن.

ھەوار محەمەد، بەرپرسێ یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانمان دەست پێ کردووە و بەشێک لە کاندیدانمان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بانگەشە دەکەن و ئەوانەی دیکەش دەگەڕێنەوە و ھەمووان لە ناوچە کوردستانییەکان بانگەشە دەکەن.''

ھەوار محەمەد گوتیشی: ''لە ھەر پارێزگایەک کە بارەگامان نەبێت، نووسینگەیەک دەکەینەوە و ئەوان سەرپەرشتیی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان دەکەن و کادیرانی خۆشمان سەرپەرشتیی نووسینگەکان دەکەن.''

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠/١٠ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و کاندیدانی پارتییش لە ھەموو بازنەکان دەستیان بە بانگەشە کردووە و ھاووڵاتیانیش پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار