ئەحمەد کانی بۆ KDP: ھەڵمەتهكه چڕتر دەکەینەوە.. کاندیدهكانمان دەرچوونیان مسۆگەرە

ههولێر-KDP.info- لە سەنتەری شاری ھەولێر کێبڕکێی لایەنەکان لەسەر حەوت کورسییە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و، بەرپرسی لقی دووی پارتیش دەڵێ، پارتی پێنج کاندیدی ھەیە لە نێو ھەولێر و دەرچوونیان مسۆگەرە.
ئەحمەد کانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەنتەری شاری ھەولێر لەسەر دوو بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکراوە، لە بازنەی رۆژئاوای ھەولێر کێبڕکێ لەسەر سێ کورسییە و پارتی دوو کاندیدی ھەیە، لە بازنەی رۆژھەڵاتی ھەولێریش، کێبڕکێ لەسەر چوار کورسییە و پارتی سێ کاندیدی ھەیە، واتە لە سەنتەری ھەولێر پارتی پێنج کاندیدی ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق".
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "پارتیمان دەستی بە بانگەشە کردووە و، ئێمەیش لە سنووری لقی دوو چەند رۆژێکە بەپێی پلانی خۆمان بانگەشە دەکەین، تا نزیک ببینەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان، بەپێی بەرنامەی خۆمان دەچینە نێو جەماوەر و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن چڕتر دەکەینەوە".
ئەحمەد کانی روونی کردەوە: "ئەوەی لە توانامان بێ بۆ پشتگیری کاندیدانی خۆمان، ئەنجامی دەدەین و پێشبنی دەکەین ھەر پێنج کاندیدی پارتی لە سەنتەری شاری ھەولێر بە ئاسانی سەرکەون، واتە ھەموو کاندیدانی ئێمە چانسی دەرچوونیان ھەیە".
قائید میرۆ




