کاندیدێکی پارتی لە مووسڵ: ئەم جارە دەنگی پارتی زۆر لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر دەبێت

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی لە سنووری مووسڵ دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد کاندیدێکی پارتی لە بازنەی دووی مووسڵ دەڵێت، ئەم جارە دەنگی پارتی زۆر لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر دەبێت.
عەبدولسەلام شەعبان، کاندیدی ژمارە ٢٧ لە بازنەی دووی مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێکە ئێمە وەک کاندیدانی پارتی لە مووسڵ چووینەتە نێو جەماوەری مووسڵ و دەوروبەری بۆ بانگەشە، خەڵکی بەگشتی و ھەموو پێکھاتەکانی ناوچەکە باس لە ھەوڵەکانی پارتی دەکەن بۆ ھاوکارییەکانی پارتی لە کاتی ھێرشی داعش و ئەو نەھامەتییانەی بەسەر خەڵکی مووسڵدا ھاتوون و، ھاووڵاتییانی سنورەکە بەتایبەتی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنن.''
کاندیدی ژمارە ٢٧ی پارتی لە مووسڵ دەڵێت: " ئێمە سەردانی شارۆچکەی تلکێفمان کرد و پێشوازیی ھاووڵاتییان دیار بوو چەندە دڵسۆزن بۆ ئەوانەی لەسەر پارتی خۆیان کاندید کردووە، ھەتا پێشتر چەند ھێزێکی دیکە سەردانی ناوچەکەی کردبوو، خەڵکی ئەو سنوورە پێیان گوتوون تەنیا پارتیمان قبووڵە.''
عەبدولسەلام شەعبان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سنووری مووسڵ بەگشتی و بازنەی دوو، پارتی دەنگێکی بەرچاو بەدەست دێنێت، دەنگدەرانی مووسڵ ئەوە ناشارنەوە لە کاتی تەنگانەدا تەنیا پارتی و ماڵباتی بارزانی بەھانایانەوە چووە، ئەوەی ئێمە پێشبینی دەکەین و پەنا بەخوا ھەر ئەوەش دەردەچێت و دەنگی پارتی زۆر لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر دەبێت، چونکە چەند ڕۆژێکە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییانمان بەسەر کردووتەوە و خۆیان نموونەی ئەوە دێننەوە کە ھەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکی پێشکەوتندایە و شارەکانی دیکەی عێراقیش زۆر لەدواوەن.''
قائید میرۆ




