شوان محەمەد تەھا: ھەڵبژاردن بە شێوەی بازنەیی لە بەرژوەندیی ئێمەدایە

بەغدا -KDP.info- بەرپرسی لقی ٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی، لە دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن پارتییەوە، ''ئێمەش دەستمان بە بانگەشە کردووە و چوار کاندیدمان ھەیە و ھەوڵی جددی دەدەین کاندیدەکان سەرکەوتوو بن و ئەوەی گرنگیشە لای ئێمە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکەین.''
شوان محەمەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری لقی پێنج لە بەغدا بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان دەکەین و دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئێمە دەستمان بە کارەکانی خۆمان کرد لە بەغدا و شاری کووت بۆ ئەو ڕۆژەی دیاری کراوە بۆ ھەڵبژاردن، چونکە ئێمە چوار کاندیدمان هەیە.''
شوان محەمەد گوتیشی: "بوونی شێوەی بازنەییی ھەڵبژاردن لە سنووری ئێمە لە قازانجی ئێمەیە و ھەوڵی جددیمان ھەیە سەرکەوتن بەدەست بێنین و بوونی کورسییەک، یان دوو کورسی ھیچ لە دۆخی پارتی ناگۆڕێت، بەڵام بەشداریکردنی ئێمە لە ھەڵبژاردن لە بەغدا گرنگە و ئێمە ھەمیشە لەگەڵ خەڵکی خۆمان بووین لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان و بەجددی کاری بۆ دەکەین.''
محەمەد باسی لەوەش کرد: ''وەکوو ھەموو لایەنێکی سیاسی بەپێی ئالیەت و ڕێنماییی کۆمسیۆن کار و بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنەکان دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە دەڕۆین کە کۆمسیۆن دایناوە و تاوەکوو ئێستا پرۆسەکە بەھێواشی بەڕێوە دەچێت و گەرموگوڕیی لە مانگی نۆ دەست پێ دەکات، بەڵام بەردەوامین لە بانگەشە.''
گوتیشی: "زیاتر کاندیدمان بۆ ئەو ناوچانە دیاری کردووە کە کوردی لێ نیشتەجێیە و ھەوڵی جددی دەدەین کە سەرکەوتن بەدەست بێنین.''
بڵند ئیبراھیم




