کاکەمین بۆ KDP: لیژنەی باڵا پێکھاتووە.. کار بۆ کورسی زیاتر دەکەین

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی عێراق دەکا و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتیش دەڵێ، ژمارەیەک لیژنە پێکھاتوون و ئاشکرایکرد، پێشبینی کورسی زیاتر دەکەین لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق.
کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی لەسەر ئاستی باڵا ئامادەکاری بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کردووە، لیژنەیەکی باڵا لە مەکتەبی سیاسیی پێکھاتووە، ھەر پارێزگایەکیش لیژنەیەک ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە، ھەتا لەسەر ئاستی بازنەکان و ئۆرگانەکانی خوارەوە، پارتی لیژنەی بۆ سەرپەرشتیکردنی بانگەشە و ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن دیاریکردووە، ئێمە خەڵکی بە ئەزموونمان ھەیە لە ھەڵبژاردن و کارەکان دابەش کراون".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "بەپێی پێشبینی ئێمە، پارتی ژمارەی کورسییەکانی ئێستای لە پەرلەمانی عێراق ھەیە، مسۆگەرە، واتە کورسی خۆمان دەھێنینەوە، بە گوێرەی ئامار و داتای بەردەست و ژمارەی ئەندامانمان، کار بۆ کورسی زیاتر دەکەین بە دەست بێنین لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق".
لەبارەی سیستمی ھەڵبژاردن، کاکەمین نەجار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "سیستمی ئێستای ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی پارتە بچووکەکان نییە، چونکە لەسەر ئاستی بازنەکان دەنگ دەدرێت، ئەوانەی دەنگیان وەک پێویست نییە، ناتوانن کورسی بە دەست بێنن، پێشتر ئەگەر لەھەر ناوچە و پارێزگایەک کاندیدێک، یان حیزبێک ژمارەیەک دەنگی بە دەست ھێنابایە، ئەوە لە کۆتایی پڕۆسەکەدا بایی ئەوەندەی دەکرد کورسی بە دەست بێنێ، بەڵام ئێستا تەنیا کاندید لەسەر ئاستی ئەو بازنەی بۆی دیاری کراوە دەنگ دینێ".
قائید میرۆ




