"بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە ھەنگاوی کرداری نراوە"

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەی کرداری دەستی پێ کردووە و یەکەیەکی حیسابی دروست کراوە و ھێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتە سەر وەزاەتی پێشمەرگە.''
عەمید عوسمان محەمەد ڕیشە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "یەکەی حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە یەک خراوەتەوە و کۆتاییی پێ ھاتووە کە بەشێکە لە چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی ٧٠ و ٨ ٠ھاتوونەتە سەر ئەو یەکەی حیسابییەی وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
عەمید عوسمان محەمەد ڕیشە گوتیشی: "ھەنگاوەکان زۆرن و ئێستا ھێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو ھاتوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دوو لیوا لە یەکەی ٧٠ و ٨٠ ئامادە کراون بۆ ئەوەی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەوەیان ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و بچێتە پێشەوە.''
ڕیشە باسی لەوەش کرد: "لە درووستکردنی لیوا نوێیەکاندا ڕەچاوی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




