٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- مەترسیی گرووپە تیرۆریستییەکان و داعش تەنیا لە سنووری ماددەی ١٤٠ و ناوچە گەرمەکان نەماوەتەوە، ناوە بە ناوە گرووپی تیرۆریستی لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک دەستگیر دەکرێن کە بەنیاز بوون ئارامیی ھەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج، بەرپرسانی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە ھەمیشە کوردستان بۆ تیرۆریستان ئامانج بووە، بەڵام ھێزی ئەمنی بە سەرجەم بەشەکانیانەوە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی کوردستان.

ماوەیەکە چالاکیی تیرۆریستانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، وەک کەرکووک و خانەقین و دیالە و شنگال و مەخموور و شوێنەکانی دیکە زیادی کردووە و، دەرئەنجامی ئەو بۆشایییە ئەمنییەی لەو سنوورانە ھەیە ناوبەناو دزە دەکەنە ناو ھەرێمی کوردستان و دەیانەوێت کوردستان بکەنە ئامانج، بە ڕای چاودێران ئەمەش جۆرێکە لە گۆڕانی تاکیتکی جەنگ کە داعش ئێستا ھەوڵ دەدات لە ڕێگای کردەی تیرۆریستییەوە پەرە بە چالاکییەکانی بدات. چالاکیی داعش لە سنووری خۆی فراوان بووە و ھەوڵ دەدات ناوچە ھەرەئارامەکانی عێراق بکاتە ئامانج کە ھەرێمی کوردستانە، لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوو ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و دژەتیرۆری کوردستان ڕاگەیەنراویان لەبارەی ئەو گرووپانەوە ھەبووە کە ھەوڵیان داوە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک کاری تیرۆریستی بکەن، بەشێکی زۆری ئەو گرووپانە لە دەرەوەی کوردستان ڕێکخستنیان بۆ کراوە و ڕەوانەی ناوشارەکان کراون، لە ڕێگای چەند گرووپ و کەسێکەوە ھەوڵیان داوە کردەکان بکەن و لە بەشێکی کردەکاندا ئافرەتیان بەکار ھێناوە، کردەکان جۆراوجۆر بوون، بەشێکیان پێشوەختە وێنە و ڤیدیۆی شوێنی مەبەستیان گرتووە و دواتر ویستوویانە بیکەنە ئامانج، پێش جەژنی قوربان ڕۆژی ١٣\٧\٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە کە گرووپێکی تیرۆریستی ویستوویانە باڵەخانەی پارێزگاری ھەولێر و ئەو شوێنانەی بیانیەکانی تێدا دەمێننەوە بکەنە ئامانج، ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەلایەن ئەمنی عامی داعشەوە چالاک کراونەتەوە و فەرمانیان پێ کراوە بۆ ئەوەی کردەی تیرۆریستی لە ھەولێر ئەنجام بدەن، دوای ئەوانەش لە شاری سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند گرووپێکی تیرۆریستی دەستگیر کراون، لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "داعش تەواو نەبووە، لە ئێستا و داھاتووشدا مەترسیی داعش بەردەوامە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت کار لەسەر ئەمە بکرێت و داواش کراوە بۆشاییی ئەمنی کە تا ئێستا پڕ نەکراوەتەوە پر بکرێتەوە و دەبێت ھەوڵی جددی بدرێت لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەی بۆشاییی ئەمنی لە نێوان کوردستان و ناوچەکانی عێراقدا نەمێنێت، چونکە ئەو بۆ شایییانە کاریگەریی خۆیان ھەیە بۆ دزەکردنی داعش".

گوتیشی: "بەشێکی دیکەی گرفتەکان لەوەدایە کە ئەو ناوچانەی تەماسیان لەگەڵ کوردستان ھەیە ھێزی زۆریان تێدایە و ھێزەکان ھەمەجۆرن و نەبوونی بریارێکی گشتگیر بۆ ئەو ناوچانە وای کردووە داعش بیقۆزێتەوە و پەلاماری کوردستان بدات لەو شوێنانەوە، داعش ئەگەر بۆیان بکرێت ھەرچی لە توانایان بێت لەدژی کوردستان دەیکەن، بەڵام چاوکراوەییی ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان وای کردووە ئەو دەرفەتەیان نەبێت، یان کەمتر بێت، ھێزەکانی پێشمەرگەش گرنگە چاوکراوەتر بن بۆ دۆخی ئێستا و ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوودەدەن، ئەوەی گرنگە نابێت لەسەر کەس بوەستین و بەردەوام بین لە قەڵاچۆکردنی داعش.

بەپێی بەدواداچوونی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو گرووپانەی کوردستان، یان ئارامیی کوردستان دەکەنە ئامانج، بەسەر سێ بەرەدا دابەش دەبن کە بریتین لە:

یەکەم: گرووپی تیرۆریستیی داعش (قیادەی ناوەندی لە سووریا و عێراق).

دووەم: گرووپەکانی حەشدی شەعبی (بە ئاڕاستە جیاوازەکانەوە)

سێیەم: گرووپە جۆراوجۆرەکان کە بەشێکیان ڕاھێنانیان لە سورریا و بەشێکیان لە دەرەوەی عێراق پێ کراوە.

دەربارەی ئەو گرووپانەی کە دەیانەوێت شارەکانی کوردستان بکەنە ئامانج و ئامانجیان چییە لەم کاتەدا ئەم کردەوانە دەکەن، لیوا عەبدولخالق تەلعەت، دەڵێت: "گرووپەکان جۆراوجۆرن، لەوانە داعش و گرووپە تیرۆریستەکانی دیکە کە فرۆکەخانەی ھەولێریان کردە ئامانج، جیا لەوەش، گرووپە بچووکەکانن کە خۆیان درووست دەکەن و ئەوەی لێرە جێگای پرسیارە ئەوەیە کە دەیانەوێت تاکیتکی جەنگ بگۆڕن لە بەرەی ھێرشەوە بۆ کردەی ناوشارەکان، بۆیە گرنگە وەک ھەرێمی کوردستان بە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ھەواڵگرییەکانەوە لە ئامادەباشیی تەواودا بن و ئێستاش لە ئامادەباشیی تەواودان و چاوکراوەن لەو بارەیەوە.

لە یەکێک لە ددانپێدانانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکەی ھەولێردا، ئەو کەسەی کە ناوی ئەبووعەوادە، ئاماژە بەوە دەکات کە ھەوڵیان داوە کردەکەی ھەولێر خۆکوژی بێت و کەلوپەلەکانیش لە ڕێگای قاچاغەوە لە سووریاوە ھێنراون بۆ ھەولێر، بەپێی ددانپیانانی ئەو گرووپە، ھەوڵ دراوە بەشێک لەو کەسانەی ویستوویانە کردەکە جێبەجێ بکەن بە قاچاغ لە سووریاوە بھێنرێنە ھەولێر.

نزار سوورچی, ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنی خۆجێیی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: "بەداخەوە داعش لە سنووری ماددەی ١٤٠ەوە دێنە کوردستان و داعش کۆتاییی نەھاتووە و کردەکانی زیاتر بوون و دەمێکە ئەو مەترسییەمان ڕاگەیاندووە، ئەوەی گرنگە ئەو بۆشایییانە پڕ بکرێتەوە کە لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی درووست بووە، ئەمە کەلێنێکی مەترسیدارە و دەبێت حکوومەتی عێراق بەجددی لەو بارەیەوە بێتە سەرخەت و ڕێککەوتنەکان وەک خۆی لەبارەی ئەو ناوچانەوە جێبەجێ بکات".

گوتیشی: "دەمێکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت ئەو بۆشاییانەی لە سنووری ئەوانن پڕ بکرێنەوە، چونکە لە دەرئەنجامی ئەوەدا جاروبار دزە دەکەنە ناو کوردستانەوە".

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، زانیاریگۆڕینەوە لە نێوان ئەندامانی داعش لەناو کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش ھەبووە، ئەوانەی لەناو کوردستان کاریان بۆ داعش کردووە زانیاریی گرنگ و ھەستیاریان داوە لەسەر ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج.

ئەوەی مەترسیدارە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان پلانی زۆر ورد و ترسناکیان ھەبووە بۆ کردەکانیان و بەشێکیان لە ڕێگای دەرھێنانی پاسەپۆرتی تەزویر لە کونسووڵخانەی عێراق لە تورکیا تاقییان کردووەتەوە و توانیوانە بێنە ھەولێر، بەشێکی دیکەیان لە ڕێگای قاچاغ بووە کە زۆر ڕێگا لەو بارەیەوە بەکار ھێنراوە و، چاوکراوەییی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان سەرجەم ئەم کردانەی پووچەڵ کردووەتەوە، بەڵام ئەوەش ماوەتەوە کە ھێشتا داعش مەترسییە لەسەر ناوچەکە، لە کاردانەوەیەکدا ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێی ڕاپۆرتی سەربازیی خۆیان ھێشتا داعش دەیانەوێت کردەکانیان لە ناوچەکان پەرەپێ بدەن و سەرجەم ئەو شوێنانەی خۆیان دەیانەوێت بیانکەنە ئامانج.

تاکیتکی بەشێک لە گرووپەکان ئەوە بووە کە لە دەرەوەی شارەکان و لە ناوچە دوورەدەستەکان و دوورەئاوەدانییەکان خۆیان حەشار بدەن، تەواوی ئەو گرووپانەش کە دەستگیر کراون ناوی خوازراویان ھەبووە و تەواو شێوە و ڕووخساری خۆیان گۆریووە.

 ڕاپۆرتی کارزان سەباح ھەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار