پلە باڵاكان، لەم مانگەوە مووچە بە ھەموارکراوی وەردەگرن

ههولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لەم مانگەوە مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان بە ھەموارکراوی دابەش دەکرێ و، بەوەش ٢ملیار دینار بۆ خەزینەی حکوومەت دەگەڕێتەوە.
سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چاکسازیکردن و پێداچوونەوە بە دۆسییەی خانەنشینی پلە باڵاکان، تەنیا پەرلەمانتاران ماون، ئەوانیش ئەم ھەفتەیە تەواو دەبن، کە ٤٢٠پەرلەمانتار دەبن، بەمەش کۆتایی بە چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان دێت و، دواتر ھەنگاوی دیکەی بەدواوە دێت، ئەوانیش خانەنشینی مەدەنی دەبێ".
بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی کوردستان روونیشی کردەوە: "ئەوانەی پلە باڵان، لەم مانگەوە مووچەیان بە ھەموارکراوی وەردەگرن بەپێی لیستی نوێ، چونکە یاسای چاکسازی چۆنی داناوە، ئێمە بەو شێوەیە ھەموارمان کردۆتەوە".
گوتیشی: "بە چاکسازیکردن لە مووچەی پلە باڵاکان، نزیکەی ٢ملیار دینار بۆ خەزینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




