پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری دهۆک دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە

دهۆک -KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک پارتی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و، بەرپرسێکی حیزبەکەش پێی وایە، پارتی کورسییەکانی مسۆگەرە و دەشڵێت، ''ژمارەیەک بازنە بۆ پاڵپشتیی کاندیدەکانمان درووست دەکەین''.
خالد ئەحمەد، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە شاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردنی ئەم جارە جیاوازیی دەبێت بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، چونکە بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەم جارە بازنەکانی ھەڵبژاردن بچووک کراونەتەوە، واتە ژمارەی بازنەکان زۆرتر دەبێت، پێم وایە ئەوەش ھاوکار دەبێت بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت زیاتر بەرگری لە کورسییەکانی بکات".
بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە دھۆک دەشڵێت: "پارتی لە دھۆک دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە، پلانمان ئەوەیە جگە لەوەی کاندیدەکان دەچنە نێو جەماوەر و بەرنامەکانیان بۆ دەنگدەران دەخەنە ڕوو، ئێمەش وەک حیزب چەند بازنەیەک درووست دەکەین بۆ پشتیوانیی کاندیدەکانمان، ھەروەھا لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە دەستمان بە بانگەشە و ناساندنی کاندیدەکانمان کردووە".
خالد ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا پارتی لە کۆی ١٢ کورسیی سنووری پارێزگای دھۆک، ١١ کورس ی بەدەست ھێنا، لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەش دەتوانین ھەر ١١ کورسییەکەی خۆمان بەدەست بێنینەوە، کاریش دەکەین کورسیی زیاتر بەدەست بێنین، لەسەر ئاستی گشتییش پارتی بەرگری لە ٢٥ کورسییەکەی خۆی دەکات و، پێشبینیی کورسی زیاتریش دەکەین".
پەیوەست بە بەشداریی دەنگدەران، خالد ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "باوەڕمان بە خەڵکی خۆمان ھەیە کە بە ڕێژەیەکی دڵخۆشکەر بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەن، بەتایبەتی پارتی.''




