ئێران دەیەوێ لاپەڕەیەکی سیاسیی نوێ لەگەڵ کوردستان بکاتەوە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی پێشوازییەکی گەرمی سیاسی لە سەرۆکی هەرێم کرا لەلایەن تارانەوە، شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، پێگەی سیاسی و جیۆسیایی کوردستان وای کردووە دەبێ هەموو وڵاتان بزانن هەرێم ژمارەیەکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا. شرۆڤەکاریکیش دەڵێت، تاران گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی دەبێ پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ کوردستان بەرەو پێش ببات، چونکە کوردستان وەک وڵاتێک ماوەتەوە بۆ هەموو جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کە توانیویەتی پایتەختەکەی بکاتە ناوەندێکی دیپلۆماسیی گرنگ.
لەو بارەیەوە، هۆشەنگ تاجر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە دوای باشبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، تارانیش دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش بکات، ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان بەهێز بکات و سەردانی سەرۆکی هەرێم و پێشوازیکردنی بە ئاڵای کوردستان مانا و نێشانەی ئەوەیە ددانپێدانانێکی گەورە لە هێڵی ئێرانەوە هەیە، چونکە پێشتر ئێران ئەم کارەی نەدەکرد و بگرە لە ساتەوەختی سەرۆکوەزیرانی نێچیرڤان بارزانیدا ئاستەنگیشی بۆ هەرێـمی کوردستان دروست دەکرد، بەڵام ئیستا ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد باش بێت، چونکە ئێران گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ کورد هاوسەنگیی سیاسی لە عێراقدا بەرقەرار دەکرێت.''
گوتیشی: ''تاران دەیەوێت ئاڕاستەی سیاسیی کوردی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم دەستپێکێکی گەورەیە بۆ باشبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران، چونکە پێشوازییەکی بەجێ بوو، هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسییش دەیەوێت سەرەتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆرئاوا و ئەورووپا ئاسایی بکاتەوە و لە هەرێمی کوردستانیشەوە دەست پێ بکات، چونکە گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێرە، بۆیەشە هەرێمی کوردستان خاڵی دەستپێکی باشبوونی پەیوەندییەکانە''.
'' دەبێ لەمەودوا پەیوەندییەکان ئاسایی و باش بن، ئیبراهیم ڕەئیسییش ئەو کارە دەکات، چونکە دۆخی نێوخۆی ئێران لە ڕەوشێکی خراپی سیاسیدایە و ئەمە داواکاریی ئێرانییەکانە و ڕەئیسی نایەوێت بکەوێتە بەر لێشاوی خۆپێشاندەرە ئێرانییەکانەوە، خەڵک بەرگەی قەیرانەکان ناگرێت و ئەمە داواکاریی خەڵکە کە پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێران لەگەڵ هەموو وڵاتان بەرەو باشتر بچن.''
''ئێستا ئێران هەست بە قورساییی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان توانیویەتی هاوسەنگییەکی سیاسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕابگرێت، بۆیە ئێرانیش دەیەوێت لەو دەرگا سیاسییە بدات و بێتە ژوورەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسیی نوێدا کوردستان جێگایەکی گەورەی گرتووە.'' هۆشەنگ وای گوت.
کاروان بــاعەدری




