٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەگوژمەی نزیکەی ١٤ ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری دھۆک جێبەجێ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی ڕوڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دھۆک گوتی، لە سنووری ناحیەی ئێمە بە گوژمەی نزیکەی ١٤ ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە بەم نزیکانە دەست پێ بکات.

عەنتەر فەرھاد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەیەکی گەورەی ڕێگاوبان لە سنووری ناحیەی ئێمە جێبەجێ دەکرێت بەگوژمەی ١٣ ملیار و٨٠٠ ملیۆن دینار و سەرەتای پڕۆژەکە ١٠%ی تەواو کرا لەلایەن کۆمپانیایەک و وەستا، بەڵام دواتر دیزاینی پڕۆژەکە گۆڕدرا و ئێستا بڕیارە بە چوار قۆناغ پڕۆژەکە تەواو بکرێت.''

عەنتەر فەرھاد گوتیشی: "بەپێی دیزاینی نوێ کە ئێمە دامانناوە، کردوومانە بە چوار قۆناغ، قۆناغی یەکەم جووتسایدی ناو ڕوڤیا درووست دەکرێت و قۆناغی دووەم دەکرێتە داروبار و کارەبایی و قۆناغی سێیەم ڕێگای ڕوڤیا بۆ سیگردک ھەیە و قۆناغی چوارەمیش ڕوڤیا بۆ ئاکرێ و لە ڕوڤیا بۆ یەکمالە بکرێتە داروبار و کارەبایی.''

گوتیشی: ''ئێستا نووسراویش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە و پارێزگاری دھۆکیش پاڵپشتیمان دەکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت.''

ناحیەی ڕوڤیا دەکەوێتە سەر ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر و ئەو ناحیەیە سەر بە قەزای بەردەڕەشە لە سنووری پارێزگای دھۆک.

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار