کۆمپانیاکانی ئیمارات دەیانەوێت کارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەر ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، کۆمپانیاکانی وڵاتی ئیمارات دەیانەوێت کارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن و وەبەرھێنانی زیاتر بکەن و ژمارەی کۆمپانیاکانیشیان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن.
ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وڵاتی ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە بەنیازە کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ بکات وکۆمەڵێک بیرۆکەیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە پێشکەش کردووە و کونسووڵی نوێ کە ھاتووە سەردانی ژوورەکانی بازرگانیی کرد و باسی لەوە کرد کە چۆن بتوانن ئەزموونی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان بگوازنەوە، بۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات زۆر باشە و ئیمارات دەیەوێت وەبەرھێنان لە ھەرێم بکات، ئەوەش کارێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان.''
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: "ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکات و ئەزموونیان و خۆشیان لە ئێمەوە زۆر نزیکن، چونکە کۆمەڵێک کۆمپانیایان لە ھەرێم ھەیە ئێستا کار دەکەن و دەیانەوێت کارەکانیان فراوانتر بکەن و کۆمپانیای زیاتر بێننە ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستانیش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بێنە ھەرێم و کار بکەن.''
محەمەد باسی لەوەش کرد: "ئیمارات دەیەوێت لە چەندین بواردا لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکات، بەتایبەت لە بواری درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بۆیە پەیوەندییەکان باشتر دەبن و پێش مانگێکیش شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەوان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و بەردەوام دەبین تاوەکوو کاری باش لە ھەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرھێناندا بکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




