به هەفتەیەک مەلەفی چاکسازی پەرلەمانتاران کۆتایی دێت

هەولێر-KDP.info- چاکسازی و پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینان بەردەوامە و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، پڕۆسەکە قۆناغی باشی بڕیوە و ھەر کەسێ پلەی تایبەتی پێدرابێت و پۆستی نەبووبێت، ئەوە پلەکەی لێوەردەگیرێتەوە.
حازم ئیسماعیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پرۆسەی چاکسازی لە خانەنشینی بەردەوامی ھەیە و، تا ئێستا چاکسازی لە دادوەراندا کراوە، ئەوەش بە ھەموارکردنەوەی ٧٠%ی مووچەکانیان، ئەوەی بەڕاستی پلە تایبەتە، کە وەزیر و بریکار و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتین، ھەموویان ھەموارکراونەتەوە، ئەندام پەرلەمانەکانیش دوێنێ دەستی پێکردووە و، ماوەی حەفتەیەک پڕۆسەی چاکسازی و پێداچوونەوە بە مەلەفی خانەنشینی پەرلەمانتارانیش کۆتایی دێت".
بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی ھەرێم دەشڵێت: "ھەموارکردنەوەی خانەنشینی چەند جۆرێکە، ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کرد، ئەوانەن، کە پۆستیان ھەبووە، کەسەکە پەرلەمانتار بووە، یا وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی بووە، جورێکی دیکەی چاکسازی لە مەلەفی ئەو خانەنشینانە دەبێت، کە خانەنشین پۆستی ھەبووە، بەڵام خزمەتی زۆر نەبووە، بۆ نموونە خانەنشینێک پۆستی وەزیری وەرگرتووە، بەڵام پێشتر خزمەتی نەبووە، بە گوێرەی ئەو چوار ساڵەی وەزیر بووە، خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە".
لەبارەی ژمارەی ئەو خانەنشینانەی پلە تایبەتن و پێداچوونەوە بە مەلەفەکانیان دەکرێت، حازم ئیسماعیل روونی کردەوە: "چوارسەد پەرلەمانتاری خانەنشین ھەیە لەگەڵ زیاتر لە دوو ھەزار پلەی تایبەت، ھەندێ لەو پلە تایبەتیانە، ئەوانەن، بۆ نموونە پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری گشتی نەبووە، بەڵام بەو پلەیە خانەنشین کراوە، ئەوانە ئەگەر خزمەتی پێشمەرگایەتی ھەبێت، ئەوە بۆی ھەژماردەکرێت و پلەکەی لێوەردەگیرێتەوە و، لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین دەکرێت، ئەوانەی پۆستیان نەبووە ئەو پلەیەی پێدراوە لێی وەردەگیرێتەوە".
قائید میرۆ




