ئاكرهیی بۆ KDP ناوهرۆكی سهردانهكهی سهرۆکی ههرێم بۆ ئێران دهخاتهڕوو

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداری مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆککۆماری ئێران دەکات و، بڕیارە دواتر لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە ئەنجام بدات و باس لە کۆمەڵێ پرس بکەن.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەبچێت، سەعات پێنجی ئێوارە لە پەرلەمانی ئێران لە تەھران و، لە لایەن سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمیی بانگھێشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کراوە بەشداری لەو مەراسیمە بکەن و، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و چوار وەزیر بەشداری لەو مەراسیمە دەکەن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتیشی: "بڕیارە سبەی سەعات ١٠:٣٠خولەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبێتەوه و، دواتر لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دیداری دەبێت و لەوکۆبوونەوە و دیدارانە، باس لە پەیوەندی مێژوویی نێوان ھەردوولا دەکرێت و، چەندین پرسی دیکە گفتوگۆی لەبارهوه دەکرێت، لەوانە سیاسیی و باردۆخی ناوچەکە و بازرگانی".
ئاکرەیی باسی لەوەشکرد، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو سەرۆککۆمارێک پێشوازی لێ دەکرێت و دوو رۆژ لە ئێران دەمینێتەوە و، دواتر دەگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان، ھیواداریشین پەیوەندییەکان باشتر بن، چونکە ئێران ھاوکار و دۆستی ئێمەیە.
گوتیشی: "بڕیارە لەو مەراسیمە وەکو ئەوان باسیان کردووە ٥٠٠شاندی وڵاتان بەشداری لەو مەراسیمە دەکەن".
بڵند ئیبراھیم




