دکتۆر سەباح سوبحی: ھەوڵی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لە عێراق دەدەین

ھەولێر -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٣٦ی بازنەی چواری ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات و خۆی بەباشی بۆ ئامادە کردووە و ''ئەم جارە شەڕی بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ دەکەین، چونکە خۆمان بە خاوەنی دۆزی میللەتی کورد دەزانین و مێژووش شاھیدە بۆ ئەوە کە چەندین دەستکەوتمان ھەیە.''
دکتۆر سەباح سوبحی، کاندیدی ژمارە ٣٦ی بازنەی چواری ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتێکی زۆر حەکیمانەیە و ھەوڵ دەدرێت خوێندنەوەیەکی باش بۆ بارودۆخەکە بکات و بڕیاریش لەسەر بنەمای واقعی بدات و دوێنێ بەفەرمی ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە لەسەر ئەو مەنھەجە دەڕۆین و بەشداری لە ھەڵبژاردنی ١٠/١٠ دەکەین و زەمینە گونجاوە بە باشترین شێوە ئەو ھەڵبژاردنە بەرێ بکەین و زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین، چونکە پارتی بەتوانایە و کاندیدەکانی لە ھەموو پارێزگاکان بەتوانان و شارەزاییی باشیان ھەیە لە ھەموو بوارەکان و شەڕی دەنگ دەکەین و پارتی پێشتریش قاعیدەکەی سەلماندویەتی کە دڵسۆزە و دەنگ بە پارتی دەدات و چەند کێشەش ھەبێت بەردەوام دڵسۆزیی دەنگدەرانی پارتی بووەتە پاڵنەرێک، ئەمەش ھیوایەکە بۆ ئەوەی کورسیی زیاتر بەدەست بێنین و نوێنەرایەتیی ئێمە وەکوو حیزب لەسەر بنەمای نەتەوەیی دەبێت، وەکوو قەزیەی خۆمان دەبینین و ئێمە خاوەن ئەو دۆزەین و ھیچ حیزبێک منافەسی ئێمە نییە لەو کارەدا."
دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: "مێژوو سەلماندویەتی کە پارتی چەندین دەستکەوتی ھەیە و بەردەوام لە پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش داکۆکییان لە مافی کورد کردووە و لە داڕشتنی یاساکانیش ڕۆڵی خۆیان دیتووە و ئێمە لەم قۆناغە کە ھەستیارە ھەوڵ دەدەین لە پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی ئیتیحادی دامەزرێت و بەرگری لەو ماددانە بکەین لە دەستوور کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، وەکوو ماددەی ١٤٠ و یاسای نەوت و غاز و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت بەتایبەت مووچە، ئێمە دەتوانین بەباشی داکۆکی لە مافی گەلی کورد بکەین.''
سوبحی باسی لەوەش کرد: "خەڵک پێشوازییەکی گەرممان لێ دەکات وەکوو کاندید و ڕاستە ھەندێک قەیران لە ھەرێم درووست بوون کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھەمووان بوو، وەکوو کۆرۆنا، بەڵام ئێمە لەو دۆخە تێ دەگەین و لەگەڵ خەڵک ھاوڕاین و سیاسەتێکی حەکیمانە دادەنێین بۆ ئیدارەکردنی هەرێم.''
بڵند ئیبراھیم




