فەھمی سەلمان: لە بەغدا کوردایەتی دەکەین

دهۆک -KDP.info- پارتی لە سنووری پارێزگای دھۆکیش دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد و کاندیدێکی پارتییش پێی وایە، بەھێزبوونی پێگەی پارتی لە بەغدا زامنی پاراستنی ھەرێمی کوردستان و بەدەستھێنانی دەستکەوتی زیاترە.
فەھمی سەلمان، کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی دھۆک-ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەشداریی خەڵکی ھەرێمی کوردستان گرینگە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، لەبەر ئەوەی ئێمە پێویستمان بە تیمێکی بەھێز ھەیە لە پەرلەمان و حکوومەتی داھاتووی عێراق، دوای ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرەو ئاڵۆزی چووە تا ساڵی ٢٠١٧ گەیشتووەتە ئاستی بەکارھێنانی چەک بەرانبەر بە یەک، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری داوە لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکان لە ئاستێکدا بێت، بەگوێرەی دەستوور مافەکانی گەلی کوردستان پارێزراو بێت، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە ئەگەر ھەرێمی کوردستان دەیەوێت بەھێز بێت لە بەغدا ئەوە بێگومان پارتیمان ڕۆڵی سەرەکیی ھەیە و چەندە پێگەی پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، ئەوەندە مافەکانیشمان پارێزراو دەبن.''
ئەو کاندیدەی پارتی پێی وایە: "کێشەی کورد لە عێراقدا دەستوور نییە، بەڵکوو ئەو عەقڵیەتەیە کە لە بەغدا پەیدا بووە، چونکە لە عێراق دەستوور و یاسا ھەیە، بەڵام کێشە لەگەڵ ئەو سیاسەتەیە بۆ بەرژەوەندیی پێکھاتەیەک یاسا و دەستوور بەکار دێنێت، چەندین ڕێککەوتن کراون لە نێوان ھەردوولا، بەڵام ئەوە ئەو عەقڵیەتەیە ناھێڵێ جێبەجێ بکرێن.''
فەھمی سەلمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەر کاندید سەر بکەوێت، ئەرکە سەرەکییەکەی ئەوەیە کار بۆ ئەوە بکات دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ھەموو ئەو مافانەی شایستەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانن بەدەست بێن. پارتی پلانی ھەیە لەسەر بنەمای دەستوور خەبات بکات و سیاسەتی چەوتی ھەندێ لایەن و عەقڵیەت ڕاست بکاتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئیدی کاتی ئەوە ھاتوە ئێمە لە بەغدا کوردایەتی بکەین، لەبەر ئەوەی تا ئێمە لەنێو خۆمان یەکگرتوو نەبین، ناتوانین مافەکانمان بەدەست بێنین.''
فەھمی سەلمان حەسەن، کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی دھۆک-ئامێدیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچووی زانکۆی بەغدایە و ساڵی ١٩٩٠ چەندین پلە و پۆستی ھەبووە و کەسایەتییەکی بەرچاوی سنووری پارێزگای دھۆکە.
قائید میرۆ




