٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نزیکەی ٤٣٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان ڤاکسینی وەرگرتووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەوانەی دانرابوون ڤاکسین وەربگرن ڕێژەکەیان گەیشتووەتە ٩% و تاوەکوو ئێستاش نزیکەی ٤٣٠ ھەزار کەس ڤاکسینی وەرگرتووە و خەڵکێکی زۆریش ڕوو لە بنکەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرن .

دکتۆر ئارام ڕۆستەم، ڕاوێژکاری وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەی بەتەمەنن، یاخود نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە، یاخود کارمەندی تەندرووستین و دکتۆرەکان و ھێزەکانی ناوخۆ ٩%یان ڤاکسینیان وەرگرتووە و پرۆسەکەش بەردەوامە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس ڤاکسین وەربگرێت.''

دکتۆر ئارام ڕۆستەم گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٣٠ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بنکەکانی تەندرووستی دەکەن بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرن، چونکە پێشتر بە ھەڕەمەکی بوو، ئێستا پێویستە ناویان تۆمار بکەن کە گەڕاوە ئەوکات بێن ڤاکسین وەربگرن.''

رۆستەم باسی لەوەش کرد: "ڤاکسینەکان چەند جۆرێکیان ھەیە و ھیچ جیاوازی لە نێوان ڤاکسینەکان نییە و ئەوەش ڕاست نییە کە باس لەوە دەکرێت ئەو ڤاکسینە بۆ کۆرۆنای جۆری نوێ کاریگەر نییە، بەڵام کۆرۆنای نوێ زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە و ئەگەر پێشتر ١٠ کەس تووش بووایە ئێستا ١٧ کەس تووش دەبێت لە ڕووی خێراییی بڵاوبوونەوە و نیشانەکانیشی جیاوازن کە کۆکە و ھەڵامەت و ئیسھالیی ھەیە."

گوتیشی: "تا ئێستا ڤاکسین لە ڕێگەی بەغداوە بۆمان دێت و بەردەوامیش ڤاکسین دێت و تا ئێستا کێشەمان بۆ درووست نەبووە.''

ڕاوێژکاری وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە خەڵک خۆی بپارێزێت، چونکە نەخۆشییەکە زۆر بڵاو بووەتەوە، بۆیە باشترین شت خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنمایییەکانە.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار