٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زاخۆ.. دوای سەربەخۆ بوونی ئیداری دوو پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- دوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ، بڕیارە زیاتر پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکرێن و قایمقامی زاخۆش دەڵێ، پڕۆژەی ئاوی زاخۆ لەگەڵ پڕۆژەی خابوور، وەک دوو پڕۆژەی ستراتیژی ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنیان دەکرێت.

موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند،​ لە ئێستادا​ ٤٩ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی ٥٠ ملیار دینار لە ژێر جێبەجێکردندان و بە ڕێژەی ٨٠%ی تەواو بوونە و کارکردن لە بەشێکی زۆری پڕۆژەکانیش بەردەوامی ھەیە تا بە تەواوەتی کۆتاییان دێت، کە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە، کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابووریی زاخۆ دەبێت.

قایمقامی زاخۆ گوتیشی، پلان ئامادە کراوە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی بۆ سنووری قەزای زاخۆ، بە تایبەتی دوای ئەوەی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ دەرچوو، لەوانەش پڕۆژەی ئاوی زاخۆ، ھەرچەندە ئێستا سەنتەری قەزای زاخۆ ھیچ کێشەیەکی ئاوی خواردنەوەی نییە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەی ھەیە لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە ژمارەی دانیشتووانی زاخۆ ١٢٠ ھەزار کەس بووە، بەڵام ئێستا زاخۆ زۆر فراوانتر بووە و ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە ٣٠٠ ھەزار کەس، دەمانەوێ پێش ئەوەی کێشەی کەمئاوی روو بدات، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی زاخۆ جێبەجێ بکەین.

محەمەد روونیشی کردەوە، پلانی ستراتیژی وەبەرھێنانی زاخۆش ئامادە کراوە، تا بە تایبەتی بە سوودوەرگرتن لە ئاوی خابوور،  ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان و گەشتیاری لە دەوروبەری خابوور جێبەجێ بکرێن و ھەم لە ڕووی کشتوکاڵەوە سوود لە ئاوی خابوور وەردەگرین و ھەمیش لە ڕووی وەبەرھێنان و پڕۆژەی گەشتیاری وەک پڕۆژەی پردی دەلال.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار