ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر: رەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە

هەولێر-KDP.info- ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر له راگه‌یەندراوێكدا سه‌باره‌ت به دۆخی كۆرۆنا، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:
لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستیى گشتیى شاره‌كه‌مان و به‌رگرتن له‌و دۆخە نه‌خوازاره‌وه‌ى كه به‌هۆى بڵاو بوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندى خێراى زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووه‌ته ئاراوه و رۆژ لەدوای رۆژ مه‌ترسییه‌كانى بۆ سه‌رگیانى هاووڵاتییان لەهەڵکشان دایە، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، گه‌یشته ئه‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه:
یه‌كه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و رەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە و بووه‌ته مه‌ترسى بۆسه‌ر گیانى هاووڵاتییان، بۆیه داوا له هاووڵاتییانی شارەکەمان ده‌كه‌ین لەپێناو پاراستنی خۆیان و تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، پابەندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك).
دووه‌م/ له ئه‌مڕۆوه ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌واوى هێزه‌كانى ناوخۆ و تیمه‌كانى قائیمقامیه‌ته‌كان و شاره‌وانییه‌كانى راسپاردووه، چاودێرى و به‌دواداچوونى ورد بۆ سه‌رجه‌م شوێنه گشتییه‌كان، مزگه‌وت، كلێسا، شوێنه ئاینییه پیرۆزه‌كان، بازرگانی، مۆڵ، چێشتخانه، كافتریاكان، سه‌نته‌رى بازاڕ، بازاڕه میللیه‌كان، ماركێت، مینى ماركێت، سەمونخانە و نانەواخانەکان، سه‌رتاشخانه، هۆڵه وه‌رزشیه‌كان، نۆرینگه و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگه پزیشكییه‌كان، سارده‌مه‌نى، چایه‌خانه، رێستۆرانتى باخچه‌كان و شوێنه‌كانى هاوشێوه‌یان، شوفێرانى تاكسى، بارهه‌ڵگر، ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت.. بكه‌ن، هه‌ركه‌سێك (ماسك)ى نه‌به‌ستابێت، رێككارى یاسایی له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌به‌ر.
سێیه‌م/ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و رێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك) و دروستنه‌كردنى گردبوونه‌وه و قه‌ره‌باڵغى، هه‌روه‌ها رێگه‌نه‌ده‌ن هیچ هاووڵاتییه‌ك بۆ راییكردنى مامه‌ڵه‌كانى به‌بێ به‌ستنى (ماسك) بچێته نێو هیچ فه‌رمانگه و دام و ده‌زگایه‌كى حكوومى، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رپێچى له‌و بڕیاره بكات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى ئه‌و فه‌رمانگه‌یه رووبه‌ڕووى رێكارى یاسایى ده‌بنه‌وه.
چواره‌م/ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە مه‌ترسیه‌كان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى خێراى زنجیره‌ى نوێى ڤایرۆسی کۆرۆنا خستووه‌تەگەڕ و لەڕێگەی لێژنەکانی چاودێری و هێزه‌كانى ناوخۆ و تیمه‌كانى قائیمقامیه‌ته‌كان و شاره‌وانییه‌كان لە سنووری سه‌رجه‌م قائیمقامیەتەکانى لە بەدواداچوون و پشکنین و چادودێریکردنی شوێنە گشتییه‌كان بەردەوام ده‌بێت، هه‌ر بۆیه هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و کاسبکاران ئاگادار دەکەینەوە، لە ئەگەری پابەند نەبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی به‌تایبه‌تى نه‌به‌ستانى (ماسك) ناچارین رێکاری توند بگرینەبەر، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین، لەم دۆخە ناهەموار و مەترسیدارەدا بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن و (ماسك) ببەستن، تاوەکو دووچاری سزادان و رێکاری یاسایی نەبنەوە.
ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر




