کاندیدەکانی پارتی کاتژمێر ٢ ئامادەی کۆبوونەوەکه دەبن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە ئامادەبوونی کاندیدەکان و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن کۆببنەوە، بەرپرسی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتییش دەڵێت، پارتی ھەموو ئامادەکاریەکی تەواو کردووە و چاوەڕێی ھەڵبژاردنین، دەشڵێت، لە ڕووی ڕاھێنان بە کاندیدەکان و دانانی بریکارەکانی بنکەکان تەواو بووە، کە ٤٠ ھەزار بریکار دانراون لە تەواوی بنکەکانی ھەڵبژاردن.
نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی پارتی بۆ ھەڵبژارنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ھەر لە دەرچوونی یاسای نوێی ھەڵبژاردن و بڕیاردانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیی عێراق ئێمە وەکو پارتی دەستبەکار بووین و ھەموو ئامادەکاریەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنمان کرد، چونکە پارتی ھەروەک ھەندێک لایەن نەبوو کە حەزییان نەکردووە یان لەگەڵ ھەڵبژاردن نەبوونە، ھەمیشە پارتی سوور بووە لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و کوردستان رێچکەی سیاسی خۆی بگرێت و بەردەوام بیت، ھەربۆیە پارتی پێشوازی لەو بڕیارە کردووە، ئەوەی پەیوەندی بە خودی پارتیەوە بیت ئێمە وەک دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئامادەکاریمان کردووە و ئەوەی پێویست بیت کراوە.
ھاوکات وتیشی، لە ڕووی ڕاھێنان بە کاندیدەکان و دانانی بریکارەکانی بنکەکان تەواو بوە، کە ٤٠ ھەزار بریکار دانراون لە تەواوی بنکەکانی ھەڵبژاردن وە زیاتر لە ٦ تیممان لە دەزگای ھەڵبژاردن دروست کردووە. زیاتر لە سێ مانگیشە ئێمە سەردانی لقەکانی پارتی دەکەین و ھەموو بریکارەکان دەبینین.
ھەر بۆ ئەم مەبەستە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ بە ئامادەبوونی کاندیدەکانی پارتی کە بۆ یەکەم جارە ھەموو کاندیدەکان ئامادەی کۆبوونەوەیەکی وەھا دەبن کە زیاتر لە ٥٠ کاندیدە. ھاوکات لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن، لیژنەکەش پێکھاتوە لە چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی، کە بەرێز ھوشیار زێباری بەرپرسی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتییە لەگەڵ بەرێز مەحموود محەمەد ئەندامی دەستەی باڵای ئەو لیژنەیە، لەو کۆبوونەوەش ئەوەی پەیوەندی بەو ھەڵبژاردنەوە بێت قسەی لەبارەوە دەکرێت، ھەروەھا لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنیش ئەو رێنمایی و بەرنامەی کە ھەیە وەکو پارتی باسی لێوە دەکرێت، نیازی حەمە عەزیز وای وت.
ناوبراو راشیگەیاند، ئەمڕۆ ھەموو کاندیدەکان وێنەیان دەگیرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە ھەموو کاندیدەکان یەک شێوازی وێنەگرتنیان ھەبێت نەوەک ھەر کاندیدێک بە ئارەزووی خۆی وێنە بگرێت، ئەم وێنانەش دەبێتە وێنەی سەرەکی رێکلام کردنی ھەڵبژاردن.
ھەڵکەوت محەمەد




