ئامینە زکری: ریفراندۆم پرسێکە بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامینە زکری، بەرپرسی بەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە بارەگای بارزانی، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (هەوڵەکانی سەرۆك بارزانی بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا) پێشکەش بە ژمارەیەکی بەرچاوی کادیرانی پارتیمان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات کرد.
ئامینە زکری، سەرەتا باسێکی مێژوویی دەربارەی شۆڕشەکانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە دژی عوسمانییەکان بە مەبەستی وەدەستهینانی سەربەخۆیی بۆ کوردستان پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە خەباتی پیرۆزی ڕێبازی بارزان هەموو کاتێك بۆ ئەوە بووە کە کورد بە مافەکانی خۆی بگات، هەروەها هاریکاری پێشکەش بە هەر هەوڵێك بکەن بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەن وڵاتی خۆی، لەو سۆنگۆیەشەوە ئاماژەی بەوەدا کەوا کاتێك شێخ مەحموودی حەفید شۆڕشی هەڵگیرساند لە دژی ئینگلیزەکان، شێخ ئەحمەدی بارزان هێزێکی گەورەی پێشمەرگەی بە سەرۆکایەتیی بارزانی نەمر ئامادەکرد بۆ هاریکاریکردنی ئەو شۆڕشە، هەروەها هەڵوێستی بارزانیی نەمر کاتێك خۆی و ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بارزانییەکان بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێکەوتن بەمەبەستی پاراستنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد.
بەرپرسی بەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە بارەگای بارزانی، هاوکات تیشکی خستە سەر ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی لە یەکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی هەولێری یەك و دوو و ڕێککەوتنی دهۆك لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەو واقیعەی کە لە ڕۆژئاوا دروست ببوو ببێتە بنەمایەکی باش بۆ دەسکەوتی مەزنتر لە داهاتوودا، وە مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا وەدەستبێن. لە لایەکی تریشەوە بڕیاری سەرۆك بارزانی بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کاتێك زۆربەی هەرە زۆری کۆبانێ کەوتبووە دەست تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی شکست بەو گرووپە بێنن و کۆبانێ ڕزگار بکەن. هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی مەزنی سەرۆك بارزانیدا بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆکردنەوەی لایەنە کوردیەکان لە باکور بۆ ئەوەی لە ڕێگای ووتوێژەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا مافەکانی گەلی کورد زامن بکەن.
ئامینە زکری، هەروەها گوتی: "سەرۆك بارزانی لە تەواوی دیدارەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان داوای ئەوەی لێیان کردووە کە یەكدەنگ و یەکهەڵوێست بن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، هەروەها هەموو جیاوازییەکانیان وەلاوە بنێن بۆ ئەوەی سوود لەو هەلە مێژووییە وەربگرین و سەربەخۆیی بۆ کوردستان وەدەست بێنین. ئەگەر ئێمە هەموومان بەیەکەوە بین و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین، ئەوا دەتوانین پشتگیریی نێودەوڵەتیش بۆ سەربەخۆیی کوردستان زامن بکەین".
گوتیشی، لە ساڵی ٢٠١٤ سەرۆك بارزانی داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد، کە یاسای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و گشتپرسی تێبپەڕێنن و ڕۆژێك دەستنیشان بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. ئاماژەی بەوەش دا کەوا لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ یەکەمین جار بوو کەوا پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە لەگەڵ سەرکردەی ووڵاتانی جیهان و سەرۆك وەزیرانی عیراق باس بکرێت کاتێك لە کۆنگرەی مینشنی ئاسایش لەو ساڵە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، وە سەرۆك بارزانی بە ڕاشکاوانە بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی عیراقی ووت کەوا "پێویستە بە تەوافوق و ووتوێژەوە بابەتی سەربەخۆیی کوردستان یەکلا بکەینەوە و دەکرێت دوو دراوسێی باش بین لەگەڵ یەکتریدا."
زکری هاوکات ئاماژەی بەوەدا کەوا گشتپرسی بە ڕێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەنجامدرا، وە هیچ بڕیارێكی یەکلایەنە لەسەر ئەو پرسە لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانییەوە نەدراوە، بەڵکو هەر بڕیارێك لەسەر ڕیفراندۆم بە ڕەزامەندیی نوێنەرانی هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دراوە.
گوتیشی: "لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، ٩٣٪ ی خەڵکی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکی نیشتیمانیدا دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، هەروەها ئەوانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر دژایەتیی ڕێفراندۆمیان دەکرد، لەو ڕۆژەدا دەنگیان دا و داوایان لە لایەنگرانی خۆیان کرد کە بەشداری لەو پڕۆسە مێژووییەدا بکەن."
بەرپرسی بەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە بارەگای بارزانی، تیشکی خستە سەر ئەوەی کەوا لە سەدەی ڕابردوودا تاکو ئێستا ٣٠٠ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە جیهاندا ئەنجام دراوە. گوتیشی، هەموو ئەو ئەو هەوڵانە بە سەربەخۆیی کۆتایی نەهاتوون، بەڵکو زۆر ووڵات هەن چەندین جار ڕیفراندۆمیان کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە دەوڵەت ڕابگەیەنن.
جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا گەلی کورد بڕیاری خۆی دا، وە هیچ کەس و لایەن و وڵاتێك ناتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بگۆڕن، بەڵکو تەنها گەلی کوردە دەتوانێت لە ڕێفراندۆمێکی ترەوە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی پێشتر پوچەڵ بکەنەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەندێك لە هاوپەیمانانی کورد لەسەر ڕیفراندۆم، ئامینە زیکری ئاماژەی بەوەدا کەوا سەرۆك بارزانی بە بەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کەوا نابێت چاوەڕێی ئەوە بین ووڵاتانی جیهان سەربەخۆییمان بە دیاری پێشکەش بکەن، بەڵکو دەبێت خۆمان یەكدەنگ و یەکهەڵوێست بین و خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەین.
دەشڵێ، لە قۆناخی ئایندەدا پێویستە نێتوۆرکێکی سەرتاسەری لە کوردستان لەسەر ئاستەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە و لایەنە پسپۆرەکان دروست بکرێت، هەروەها لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتە ڕۆژنامەوانیەکانەوە کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵکی کوردستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی بکرێت و جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە، کەوا ریفراندۆم پرسێکە بەردەوام دەبێت.




