٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چەند دەسەڵاتێك بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دادەبەزێنرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارێكی سەرۆكی حكوومەت بۆ پێدانی دەسەڵاتەكان و نەهێشتنی ڕۆتین لە كاروباری وەبەرهێنان، جێبەجێ‌ دەكرێت و بڕیاری كۆتایی لەسەر پێدانی مۆڵەت بەهەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان، دەدرێتە شارەكان.

ئەمڕۆ سێشەم بەپێی نووسراوێكی محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان كە ئاراستەی وەبەرهێنی شارەكان كراوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی رەشنووسی دابەزاندنی دەسەڵاتە دیاریكراوەكان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، چەند دەسەڵاتێك بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دادەبەزێنرێت.

لە نووسراوەكەدا باس لەوەش كراوە، دەسەڵاتی وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە پێوەندیدارەكان و پێداویستیی بەدەستهێنانی و مۆڵەتی پڕۆژە، دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان، دواتریش بە مەبەستی وردبینیكردنی مامەڵەكە، پێویستە فۆرمی مۆڵەت بە پڕكراوەیی رەوانەی دەستەی وەبەرهێنەران بكرێت و لە ماوەی 14 رۆژدا ئەگەر دەستەكە هیچ تێبینییەكی لەسەر نەبوو، بە رەزامەندی ئەژمار دەكرێت.

ئەوەیش بۆ وەبەرهێنانی شارەكان ڕوون كراوەتەوە، لە بەشێكی تری بڕیارەكەدا ئاماژەی بەوەش كراوە، پێدانی مۆڵەتی كۆتایی و واژووكردنی مۆڵەتی كۆتایی پڕۆژەی وەبەرهێنان، دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان.

مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری كوردستانە، لە هەوڵەكانی بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ڕابردوودا چەندان بڕیاری دەركردووە، ئەوەیش وایكردووە كارئاسانی زۆر بۆ سەرمایەداران و وەبەرهێنەران بكرێت و هەوڵی زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بەگەڕخستنی پڕۆژە بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار