پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 7مین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "جینۆسایدی ئێزدییان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە".
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ حەفتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆ سەر خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، كە بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە كران.
جینۆسایدی ئێزدییان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رزگارکردنی شنگال بە رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە .
لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان.
هەروەها جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان.
سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان




