٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە كۆی 6417 ڕفێندراوی كوردی ئێزدی 3550 كەسیان رزگار كراون"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش، دوائاماری ڕفاندن و ڕزگاركراوان و مەزارە تەقێنراوەكان و ئاوارەكانی ئێزدی بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، تاوەكو ئێستا 3550 كەس رزگار كراون و 104 یش لەوان شەهید كراون و، 2763 كەسی تریش لە ڕفێندراوەكان ماون و تا ئێستا رزگار نەكراون.

نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش، لە راگەیەندراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، دوائاماری تایبەت بە ڕفاندن و ڕزگاركراوان و مەزارە تەقێنراوەكان و ئاوارەكانی ئێزدی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: "دوائاماری نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزدی تایبەت بە تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان لە 3-8-2014 بڵاو دەكەینەوە، كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە‌ باوەڕپێكراوە."

لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعشدا ئاماژە بەوەش دراوە: "ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق (550) هەزار كەسە، (360) هەزاریان لە هێرشی تیرۆریستانی داعش ئاوارە بوون و، (150) هەزاریان گەڕاونەتەوە شنگال".

نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش زیاتر روونی كردووەتەوە: ”لە سەرەتای هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش (1293) كەس شەهید بوون و، ( 2745) بێ دایك و باوك ماون."

هەر بەپێی ئامارەكە، (82) گۆڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاكەكەسیش تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە، هەروەها (68) شوێنی پیرۆزی ئایینی و مەزارگەی ئێزدییەكان تەقێنراونەتەوە و، نزیكەی 100 هەزار كەسیش بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش لە مانگی ئابی ساڵی 2014، (6417) كەس لە ئافرەت و پیاو ڕفێنراون، لەو ژمارەیەش (3550) كەسیان كە پێك دێن لە ژن و پیاو و منداڵی كور و كچ، رزگار كراون، هەروەها 104 كەسیش لەوان شەهید كراون و ( 2763) كەسیشیان تاوەكو ئێستا ماون و رزگار نەكراون".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار