کاکەمین نەجاڕ: هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت

ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەردەوامن و سەرکردەیەکی پارتییش دەڵێت، خۆمان بۆ پرۆسەکە ئامادە کردووە و پێمان وایە ھەڵبژاردن دوا ناخرێت.
کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ئامادەکاریی کردووە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق و ئێمە لەو بڕوایەداین ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش ئامادەکاریی باشی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، دوای ھەڵبژاردنەکانیش گۆڕانکاری لە عێراقدا دەکرێت، چونکە حکوومەتی نوێ پێک دێت.''
پەیوەست بە بایکۆتی لایەنەکان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "باوەڕ ناکەم بایکۆتی ھەندێ لایەنی سیاسی کاریگەریی ھەبێت لەسەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، چونکە بەشێک لەو لایەنانەی بایکۆتیان ڕاگەیاندووە لەوانەیە پێگەیان ئەوەندە بەھێز نەبێت، تەنیا سەدرییەکان ھێزێکی کاریگەرن، ئەویش پێشبینی دەکرێت بایکۆتی ھەڵبژاردن نەکەن و بەشداری بکەن.''
کاکەمین نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەڵبژاردن گۆڕانکاریی گەورە لە عێراق درووست ناکات، لەبەر ئەوەی ھەمان ئەو لایەنانەی پێشوو کورسی بەدەست دێنن، واتە چەند کۆرسییەک کەم و زیاد، هەر ئەو ھێزانەی ئێستا لە عێراق دەسەڵاتدارن دەگەڕێنەوە سەر دەسەڵات و نێو پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەت.''
قائید میرۆ




