مەحموود محەمەد پێشوازیی لە كونسووڵی ژاپون كرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ (١ی ٨ی ٢٠٢١) ھەڤاڵ مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیشوازیی لە كونسووڵی ژاپون لە هەولێر، بەڕێز ئەراكاوا میكیهیرۆ، کرد.
وێرای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێزیان، ھەڤاڵ مەحموود محەمەد بە تێروتەسەلی باسی ڕاگەیاندنی پارتی و ڕۆڵی کەناڵەکانی میدیای پارتیی لە گەیاندنی پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەر ڕووداو و پێشهاتێك و شێوەی كاری ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی پارتی بە بەراورد لەگەڵ میدیای حزبە سیاسییەكانی دیکە و ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان کرد.
سەبارەت بە ڕێكکەوتنی ستراتیژیی نێوان حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەڤاڵ مەحموود محەمەد ئاماژەی بە ڕای فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد کە لە ڕێگای بەیاننامەی مەکتەبی سیاسییەوە، پارتی خوشحاڵیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو ڕێكکەوتنە، چونکە پارتی پێی وایە هێشتا هەڕەشەی گەورە لەسەر عێراق هەن و ئەمەریكا دەتوانێت ڕوڵێكی گەورەی هەبێت لە هاوكاریكردنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە. دواتر بەڕێزیان باسی بارودوخی ئێستای عێراق و هەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی عێراقی كرد و، ئاماژەی بەوە دا کە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانەدایە و ئامادەكاریی پێویستی بۆی كردووە. هەروەها باسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كرد كە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بکرێت.
لە درێژەی گفتوگۆی نێوان هەردوولادا، تیشک خرایە سەر عەقڵیەت و خواستی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بەگشتی و كێشەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەلایەن حكوومەتەكانی عێراقەوە كە بە درێژاییی مێژووی دامەزراندنی عێراق و لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعسیش نەتوانراوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
هەر لەم دیدارەدا ھەڤاڵ مەحموود محەمەد باسی بەشداریی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و خودی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە دارشتنی دەستوری هەمیشەییی عێراق لە 2003 و، هەوڵ و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستووری عێراق و هێنانە ئارای هەلومەرجێكی سیاسی بو سەرتاپای عێراق كە وەڵامدەرەوەی خواستی عێراقییەكان بێت و تێیدا مافەكانی گەلی كوردستانیش پارێزراو بێت.
لە كۆتاییدا، بەڕێز ئەراكاوا میكیهیرۆ سوپاسی ھەڤاڵ مەحموود محەمەدی كرد بۆ ئەو شروڤە و ڕوونكردنەوانەی كە تێگەیشتنێكی فراوانتر و قووڵتری لای ئەوان درووست كرد.




