کەنعان خەیلانی: لیژنەیەک بۆ ڕێکارەکانی ئیدارەی سۆران پێک ھاتووە

هەولێر -KDP.info- دوای دەرچوونی بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ لیژنەیەک پێک ھاتووە و ئێستا کار لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکوومەت دەکات و ھەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستن بۆ ئیدارەی سەربەخۆ دەگیرێنەبەر. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێت، چوار بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە سۆران دەکرێنەوە.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئیدارەی سەربەخۆ، ھەردوو وەزیری ناوخۆ و دارایی و ئابووری ڕاسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکوومەت لەبارەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لیژنەیەکی تایبەتی ھەماھەنگی لە وەزارەتە پەیوەندارەکانیش دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەکات، لیژنەکە ھەیکەلی ئیداری و کارگێڕی بۆ سۆران و زاخۆ دادەڕێژێت.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "پێشبینی دەکرێت لە حەفتەی داھاتوودا ڕێکارە یاسایییەکان تەواو بکرێن، چوار بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە سۆران دەکرێنەوە و فەرمانگەکانی دیکەش دەکرێنە بەڕێوەبەرایەتی.''
کەنعان خەیلانی ڕوونی کردەوە: "لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و پێشبینی دەکرێت تا دوو سێ حەفتەی داھاتوو ڕێکارەکان کۆتایییان بێت.''
موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆش لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سنووری ئیدارەی زاخۆ دیاری دەکرێت و چەند ناحیەیەکیش بۆ دەڤەری زاخۆ زیاد دەکرێن و سنووری جوگرافیای زاخۆ فراوانتر دەکرێت، دوای تەواوبوونی ڕێکارە ئیداری و یاساییەکان ھەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستن بە ئیدارەی سەربەخۆ دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی."
قائید میرۆ




