٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٢٦ لایەنی سیاسی کشانەوەی خۆیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق راگەیاندووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- تا ئێستا ژمارەیەک لایەنی سیاسیی عێراق کشانەوەی خۆیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەو وڵاتە راگەیاندووە و چاودێرێکی ھەڵبژاردنەکانیش پێی وایە، کشانەوەکە سیاسییە نەک یاسایی. دەشڵێ، کشانەوەی لایەنەکان ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن نابێت.

ھۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تا ئێستا ٢٦ لایەنی سیاسی کشانەوەی خۆیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق راگەیاندووە و بایکۆتی پرۆسەکە دەکەن، بەڵام ئەمە کشانەوەی یاسایی نییە، بەڵکو زیاتر کشانەوەی سیاسییە، لەبەر ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق هەفتەیەک دەرفەتی دابووە ھەموو کاندیدەکان، کە ئەوەی دەیەوێ دەتوانێ خۆی بکێشێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بابەتی خۆکشاندنەوە تەنیا ئەوەیە ئەو لایەنانە پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن بۆ خۆیان ناکەن، ئەگەرنا لە ڕووی یاساییەوە ٢١ ھاوپەیمانی تۆمار کراون و ١٠٩ پارتی سیاسی تێیدا بەشدارن، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووش سێ ھەزار و ٢٤٩ کاندید بەشداری دەکەن.

رێکخەری تۆڕی شەمس گوتیشی، لەو کاندیدانەی ھەڵبژاردن ٩٥٣ لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتییەکان بەشداری لە ھەڵبژاردندا دەکەن و ٧٨٩ کاندیدیش وەک تاکەکەس بەشدارن، ھەروەھا ھەزار و ٥٠١ کاندید خۆیان لەسەر لایەنەکان ھەڵبژاردووە و لە سەرجەمی سێ ھەزار و ٢٤٩ کاندیدی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، ٩٥١ کاندید ژنن، ئەو کاندیدانە دوای تیروپشک ناو و ژمارەی ھەر کاندیدێک دەچێتە سەر پسوولەی دەنگدان، واتە ئەو کاندیدە یان حزبە بکشێتەوە و نەکشێتەوە ناوی ھەر دەمێنێ و تەنیا دەتوانن پڕوپاگەندە نەکەن، ئەگەرنا ھیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن نابێت.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر بایکۆتی لایەنەکان بەردەوام بێت کاریگەری لەسەر دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان نابێت، چەتۆ روونی کردەوە، تا ئێستا ئەوەی دیارە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، ئەو لایەنانەی بایکۆتی ھەڵبژاردنیش دەکەن، تەنیا کاریگەرییان لەسەر رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان دەبێت و نابێتە ھۆکار بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەک بخرێت.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار