دوو لیوای ھاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەست بە مەشق دهکەن

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق رایگەیاند، رێککەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدادا کراوە و بڕیارە ئەم ھەفتەیە دوو لیوای ھاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، دەست بە مەشق و راھێنان بکەن و دواتر لە ناوچە کوردستانییەکان دەستبەکار دەبن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەرێم و بەغدا لەبارەی دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و بڕیارە ئەم ھەفتەیە ھەردوو لیواکە دەست بە مەشق و راھێانان بکەن و دواتریش بەپێی پێویست بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا دابەش دەکرێن.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق ڕوونیشی کردەوە، بۆ ئەو دوو لیوایەی دروست دەکرێن، کەسانی نوێ دانامەزرێن و لە ھێزەکانی ئێستا لە ھەردوو لا بۆ ئەو دوو لیوایە دیاری کراون، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیریی بۆ بگەڕێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، چوار ژووری ھاوبەشی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان دروست کران و، ئێستاش بڕیارە دوو لیوای ھاوبەشی دیکە بۆ ئەو ناوچانە دروست بکرێن، کە ئەمەریکا خۆی سەرپەرشتیی ئەو دوو لیوایە دەکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات.
بڵند ئیبراھیم




