٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیار عادل: حکوومەتی هەرێم پابەندە بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا ڕایگه‌یاند، بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایییە.

ده‌قی پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا:

ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر گەورەترین تاوان بەرامبەر گەلی کورد تێ دەرپەڕێت کە ئەویش جینۆسایدی بارزانییەکان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو.

كوردبوون، تەنها هۆکاری کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو لە بیابانەكانی باشووری عێراق، ئەمەش لەگەڵ کارەساتە تاڵ و ناخۆشەکانی وەک شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان، هەمووی بە ئامانجی نەهێشتنی شوناسی کورد بوو کە دواجار بووە خەون و نە بۆ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هاتە دی و نە بۆ هیچ دوژمنێکی دیکەی کوردیش دێتە دی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و دڵخۆشە بەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایییە.

بە دەرفەتی دەزانین لێرەدا یاد و یادەوەریی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان و هەموو قوربانیانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و شەهیدانی کوردستان بەرز و زیندوو ڕابگرین.

 د. جووتیار عادل

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

31 ی تەمووزی 2021

 

هەواڵی پەیوەندیدار