٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌رله‌مانی كوردستان: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکایه‌تیی پەرلەمان، لە یادی سى و هه‌شت ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان له‌ پەیامێكدا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات، بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی رەشبگیری و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کوردستان، داواش لە پەرلەمانی هەموو وڵاتانی جیهان دەکات ئەو تاوانکارییە بە جینۆساید بناسێنن و لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و گەلە ستەملێکراوەکان بەردەوەام بن. 

دەقی پەیامی سەرۆکایه‌تیی پەرلەمان بۆ ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان:  

لە یادی (٣٨) سى و هه‌شت ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی قوشتەپە، هەریر، سۆران، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکیان دادەنەوێنین و یاد و یادەوەرییان هه‌میشه‌ بە بەرزی دەکەینەوە.

ئەنفالی بارزانییەکان سەرەتای زنجیرەیەک تاوانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی ڕژێمی بەعس بوو لە دژی خەڵک و خاکی کوردستان، بەعسییە فاشیستەکان لە دوای ئەنفالکردنی بارزانییەکان، هەڵه‌بجە-یان شەهید کرد و ناوچەکانی دیکه‌ی کوردستانیان ئەنفال کرد، ئەو هەموو تاوانەشیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوو، هاوشێوەی هەموو تاوانکارە جیهانییەکان نەیانتوانی ناسنامەی خەڵك و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بگۆڕن و خەڵكی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کۆڵیان نەدا.

لەو یادەدا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات، ئەویش بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی رەشبگیری و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کوردستان، داواش لە پەرلەمانی هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین ئەو تاوانکارییە بە جینۆساید بناسێنن و لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و گەلە ستەملێکراوەکان بەردەوەام بن. 

لە پەرلەمانی کوردستانیش ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ دەرکردنی یاسا و پاراستنی مافی قوربانییان درێغی ناکەین.

جارێکی دیکە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی بەرزەفڕی ئەنفالکراوان و سەرجەم قوربانییان داده‌نوێنین.

 

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان

٢٠٢١/٧/٣١

 

هەواڵی پەیوەندیدار