٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"تاکە تاوانی ھەشت ھەزار بارزانیی جینۆسایدکراو، کوردبوون بووە"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی بارزانی تێدەپەڕێت و شارەزایانیش دووپاتی دەکەنەوە، ئەوەی بەرامبەر بارزانییەکان کراوە، جینۆسایدە و دوای چەندین دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقیش، بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی پەسەند کراوە.

سی و ھەشت ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، رژێمی ئەوکاتی بەعس لە پرۆسەیەکی دڕندانەی دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی و یاسایی و ئایینی، شاڵاوێکی رەشبگیری بارزانییەکانی دەست پێکرد و لە ئەنجامدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی بەرەو ناوچەکانی باشووری عێراق راپێچ کرد و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە زیندەبەچاڵ کران.

شەھاب پێندرۆیی، کە یەکێک لەو گەنجە بارزانیانەیە کە باوکی لە ھەلکوتانە سەر کۆمەڵگەی بەحرکە لەلایەن رژێمی بەعسەوە جینۆساید کرا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوە ٣٨ ساڵە چاومان لە رێگایە کەسوکارمان بگەڕێنەوە، سی و ھەشت ساڵە بەو ئازاری چاوەڕانییەوە ژیان بەڕێ دەکەین، ھەموومان ئەوکات منداڵ و ھەرزەکار بووینە بە بێ باوک و برا ھێشتیانینەوە و بە ھەزاران دەرد و مەینەتییەوە گەیشتووینەتە ئەمڕۆ، ھەزاران ئافرەتی بارزانییەکان لە دوای پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال بەبێ ھاوسەر و کوڕ و برا مانەوە، ئەو برینەی ئێمە تا ئەو رۆژەی دەمرین ساڕێژ نابێت و لەگەڵ خۆمانی دەبەینە ژێر گل".

کۆڤان محەمەد، کوڕی بارزانییەکی جینۆسایدکراو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەر لە ٣٨ ساڵ باوکم و مامم و چەندین خزمی دیکە لەگەڵ ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ جینۆساید کران، ئەوکات ئێمە منداڵ بووین، بەڵام دایکمان جێگەی باوکی بۆ گرتینەوە و تەسلیمی ئەو واقعە نەبووینە کە بەسەر ئێمەی بارزانییەکاندا ھات، ھەرچەندە بێ باوکی ئازاری زۆرە و ئەوەی نەیدیبێ نازانێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە شێوەیەک پەروەردە کراین، فێر بین بەوەفا بین بۆ نیشیمان و بەھێز و خۆڕاگر بین بەرامبەر نەھامەتییەکانی ژیان".

عەدالەت عومەر، چالاک لە بواری جینۆساید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە بەھاری ساڵی ٢٠١١ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالی بارزانییەکانی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادە نیە بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات و لەلایەن پەرلەمانی عێراقیشەوە پەسەند نەکراوە. من، حکوومەتی ھەرێم و نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا بە کەمتەر خەم دەزانم، چونکە ئەرکی حکوومەت و پەرلەمانی عێراقە کار بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان بکەن".

هاوکات جەواد وەحید ستۆپەیی، شارەزا لە یاسا، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە دوای رێکەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی پێکرد، کاتێک شۆڕشی کورد تووشی نسکۆ ھات رژێمی ئەوکاتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاریی دیموگرافی لە ناوچەی بارزان بکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شۆڕشی کورد دووبارە نەبێتەوە، لە ساڵی ١٩٧٦ رژێم دانیشتووانی چەندین گوندی دەوروبەری بارزانی بە فڕۆکە گواستەوە بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق و لەھەردوو پارێزگای دیوانیە و سەماوە نیشتەجێ کران، قۆناغی دواتر ھەموو ناوچەی بارزانی گواستەوە بۆ کۆمەڵگا زۆرەملێیەکانی دەوروبەری ھەولێر و ھەریر و دیانا".

ئەو شارەزایەی یاسا دەشڵێت، بەپێی پیلانێکی رژێم، بەرەبەیانی رۆژی ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ ھێزێکی راھێنراوی ئەمنیی عێراق گەمارۆی کۆمەڵگەکانی دەوروبەری ھەولێری دا و ھەموو ئەو ھاووڵاتییە بارزانیانەی تەمەنیان لە ١٢ ساڵ بەسەرەوە بوو، دەستگیر کران و پڕۆسەکە چەند رۆژێکی خایاند، بەپێی بەڵگەنامەکان رژێم دان بەوەدا دەنێت کە بارزانییەکانی زیندەبەچاڵ کردووە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان جینۆسایدە، چونکە دژی خەڵکێکی سڤیلی دیاریکراو ئەنجام دراوە بە تەنیا تاوانیان ئەوە بوو کورد بوون.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار