" خەڵکی سۆران و زاخۆ پێشوازی لە بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ دەکەن"

دوێنێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی بۆ ھەردوو قەزای سۆران و زاخۆ دەرکرد و بەرپرسانی ئەو دوو ئیدارەیەش پێیان وایە بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ کاریگەریی لەسەر کەرتی خزمەتگوزاری دەبێت و ئاسانکاریی زۆر دەکرێت لە مامەڵەی ھاووڵاتییان.
موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ، بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشوازی لە بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ دەکەین بۆ زاخۆ، چونکە دەبێتە ھۆی بووژاندنەوەی دەڤەری زاخۆ و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاری و پێشخستنی یەکە ئیدارییەکان دەبێت، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێنە گشتی و کارئاسانیی زۆر دەکرێت بۆ ھاووڵاتییان، ھەروەھا سنووری زاخۆ لە ڕووی ئیدارییەوە زۆر فراوانتر دەکرێت.
قایمقامی زاخۆ دەشڵێت: "بڕیارەکەی حکوومەت وەک ھەنگاوێکی چاکسازییە لە سیستەمی ئیداری و دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی ھەردوو سنووری دەڤەری سۆران و زاخۆ، ئیدارەی سەربەخۆ چەندین سوودی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت و ئیدی ھاووڵاتییان بۆ ھەر مامەڵەیەک سەردانی ناوەند ناکەن، بەڵکوو لە ئیدارە کاروبارەکانیان بۆ بەڕێوە دەبرێت.''
حەسیبە گەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری خەڵکی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ دیاریی سەرۆکی حکوومەتە بۆ ھەردوو دەڤەری سۆران و زاخۆ، چونکە پێشتر بەڵێنی بە خەڵکی ئەو سنوورانە داوە ناوچەکانیان بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، ھەردوو دەڤەرەکە ساڵانێکە چاوەڕێی بڕیاری حکوومەتن بۆ ئەوەی بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، ئێمە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و لە ئایندەدا جێگەی خۆی دەگرێت.''
شاھین سەدیق دانیشتووی سۆران، لەبارەی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ بۆ سۆران ڕۆڵی گرینگی بۆ ئاسانکاری دەبێت لە کارە ئیدارییەکان، چونکە ھەرچوار قەزای سۆران و ڕواندز و مێرگەسۆر و چۆمان، دەخرێنە چوارچێوەی ئیدارەی سەربەخۆ و بوودجەی تایبەتیان دەبێت لەلایەن حکوومەتەوە، سنوورێکی وەک سۆران دەڤەرێکی ستراتیژیی ھەیە وەک دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئومەران و ٧٠%ی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەونە سنووری سۆران.''
قائید میرۆ

__2021_07_29_h19m33s29__HK.jpg)



