"پرۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی دهۆك بەر لە وادەی خۆی تەواو دەبێت"

دهۆك-KDP.info- بە مەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغیی شەقامەكانی شاری دهۆك، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەر لە دوو ساڵ بڕیاری دا پێنج ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس لە سەنتەری شارەكە دروست بكات، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەش دەڵێت، پڕۆژەكە بەر لە وادەی خۆی تەواو دەبێت.
ئەندازیار كانیوار جوبرائیل، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی بەرزەپردی سەفین، كە كۆتا پڕۆژەیە لەنێو پڕۆژە پێنج پاكێجییەكەی پارێزگای دهۆك، چوار لەوان لەسەدا سەد تەواو بوونە، ئەوەی پێنجەمیش پڕۆژەی ئۆڤەرپاسی سەفینە كە 80 لەسەدی تەواو بووە و لە ماوەی هەفتەیەكی تردا كارەكانی ئەو پڕۆژەیەش بەكۆتا دێت و دەكەوێـتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، كە تەنها كاری تەكنیكی و جوانكاریی دەمێنێت".
ئەو سەرپەرشتیارەی پرۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی پارێزگای دهۆك گوتیشی: "بەگشتی پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسەكانی شاری دهۆك 98 لەسەدی تەواو بوون، بەمەش سەرەڕای هاتنی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، توانیمان زووتر و بەر لە وادەی خۆی، كە هەشت مانگ ماوە تەواوی بكەین و بیخەینە خزمەت هاووڵاتییانەوە".
جوبرائیل ڕوونیشی كردەوە: "دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژە پێنج پاكێجییە، لەسەر ڕێگای سەرەكیی بارزان، كە شەقامی هەرە گەورەی شاری دهۆكە و شەش ترافیكلایتی تێدایە، پێنج لەو ترافیكلایتانە لادەبرێن و هاتوچۆ دەبێتە ڕاستەوخۆ."
كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژە پێنج پاكێجییەكە، 68 ملیار دیناری عێراقییە و ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكەش 960 ڕۆژە، واتا دوو ساڵ و هەشت مانگ، بەڵام بەر لە وادەی دیاریكراو تەواو دەبێت.
نەشوان بەرزنجی




