هەرێمی کوردستان سوود لە هەڵم و غازە سووتێنراوەکانیش دەبینێت

دهۆک-KDP.info- وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێـمی کوردستان ڕایگەیاند، لەم کابینەی حکوومەتدا توانیویانە ٦١٥ مێگاوات لەسەر کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد بکەن و بەردەوامیشن بۆ زیادبوونی کارەبا.
کەمال محەمەد، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە زیادبوونی کارەبادا ٣٠٠ مێگاوات لە خەبات و ١٦٥ مێگاوات لە گەرمیان و ١٥٠ مێگاوات لە زاخۆ زیاد کراوە."
گوتیشی: ''دوای هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانییەکان نەمانهێشتووە حکوومەت و کۆمپانییەکان زیانیان بەر بکەوێت، پێشتر ئەگەر وێستگەیەک کاری نەکردبا ٨٥٪ مافیان دەدرا، بەڵام ئێستا کردوومانەتە ٦٠٪ و ئەگەر کاری کردبا بۆ هەر مێگاواتێك ٣٢ دۆلار بوو، کردوومانەتە ١٦ دۆلار، چەندین وێستگە پێشتر جۆری سووتەمەنیی دیزڵیان بەکار دەهێنا، ئێستا کردوومانەتە hfo و ئەمەش نرخەکەی هەرزانترە، لەمەشدا چاکسازی کراوە و بە بەراورد بە پێشتر ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ خەزینەی حکوومەت گەڕاوەتەوە.''
ئاماژەیش دا: "سێ وێستگەی وزەی خۆریشمان ڕایگەیاندووە؛ ٢٥ مێگاوات لە دهۆک و ٢٥ لە سلێمانی و ٢٥ لە هەوڵیر و هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ٩ وێستگەی هادیرۆپاوەرمان ڕایگەیاندووە و هاوکات ٣ وێستگەی ترمان ڕایگەیاندووە لە هەوڵیر و دهۆک و سلێمانی، ئەویش حکوومەت لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان کاری لەسەر دەکەن."
لە کۆتاییشدا وەزیری کارەبا گوتی: ''بۆ کارەبا ئێستا هەرێمی کوردستان سوود لە هەڵم و گازە سووتێنراوەکانیش دەبینێت و ناهێڵێت ژینگەش پیس بێت."
کاروان بـــــاعەدری




