٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەڵمەتی زووخەوتنی منداڵان لە شەواندا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرپەرشتیاری ھەڵمەتی زووخەوتنی منداڵان لە شەوان و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت، ھەڵمەتێکیان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی منداڵان شەوان پێش سەعات ٩ بخەون، چونکە درەنگ خەوتنی منداڵان زیانی زۆری تەندروستیی ھەیە و زووخەوتنیش کۆمەڵێک سوودی ھەیە.

دکتۆر محەمەد حەسەن سەعید، سەرپەرەشتیاری ھەڵمەتی زووخەوتنی منداڵان لە شەواندا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھەڵمەتی ھۆشیاریی نیشتمانیی منداڵەکانتان زوو بخەوێنن، ڕامانگەیاندووە لە ٧/٧ لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام جەژنی بەسەردا ھات و دواتر حاڵەتەکانی کۆرۆنا زیاد بوون، ئەم ھەفتەیە زۆرینەی چاکاڵاکییەکان وەستان، وەکوو کۆڕ و سیمینار و کۆبوونەوە، ئێمە پەیامەکەمان بۆ ئەوەیە کە ئێستا درەنگخەوتنی منداڵان بووەتە باو و لە زۆرینەی خێزانەکان منداڵەکان درەنگ دەخەون کە لە کاتژمێر ٩ی شەو بەدواوە دەخەون و پێویستە منداڵان لە سەعات ٨ تا ٩ بخەون کە سوودێکی زۆری بۆ منداڵ ھەیە و درەنگخەوتن زیان بە منداڵ دەگەیەنێت.''

دکتۆر محەمەد حەسەن گوتیشی: "ئێمە کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینارمان لە زۆر شوێن کردووە و ڕێنماییمان بڵاو کردووەتەوە و نزیکەی ھەزار دانەمان بڵاو کردووەتەوە تا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە پەیامەکە بگەیەنین و لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف کە زۆر ھاوکارییان کردین و بڕیاریشە سبەی لە وتاری ھەینی، ماموستایانی ئایینی ئاماژە بەو ھەڵمەتە بکەن و بەردەوام لەگەڵ ماموستایان لە پەیوەندی دەبین بۆ ئەوەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە منیش پەیامەکە بگەیەنم و لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ڕێنماییکارانی تەندرووستی و توێژەرانی قوتابخانەکان و مامۆستایان پەیامەکە بگەیەنین و دوای ھەڵمەکەتەش بەردەوام دەبین و لێکۆڵینەوە دەکەین بە مەیدانی بۆ ئەوەی بزانین زیانی درەنگخەوتنی منداڵ چییە و چ سوودێکی ھەیە کە زوو دەخەون، بۆیە ڕاستەوخۆ وەزارەتی پەروەردە پەیوەستن بە منداڵان و ئەوان کاریگەرن و ھەوڵ دەدرێت لە ھەموو کوردستان منداڵان زوو بخەون.''

ئەو دکتۆرە کە پسپۆڕە لە نەخۆشییەکانی منداڵان زیاتر گوتی: "گرنگترین خاڵی زوونوستنی منداڵان پێش سەعات ٩ی شەو ئەوەیە بۆ گەشەی منداڵ پێویستە بۆ کێش و باڵا و مێشک و خاڵی دووەم بەرگریی منداڵ بەھێز دەکات و لە نەخۆشی دووری دەخاتەوە و چاوی منداڵ دەپارێزێت و تەندرووستیی منداڵ بەباشی ڕادەگرێت و باشترین پارێزەرە بۆ ئەوەی منداڵ لە قەڵەوی دوور بێت، چونکە لە ساڵی ١٩٧٠ تا ئێستا بە ڕێژەی ٣٠ ئەوە زیادی کردووە و جگە لەوەش دەیانپارێزێت لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە دوارۆژ وەکوو نەخۆشیی شەکرە و فشاری خوێن و جەڵتە و چەندین نەخۆشیی دیکە و یەکێکە لە ھۆکاری ئەوەی منداڵ بپارێزێت لە ھەڵچوون و تووڕەبوون و بەگوێنەکرتنی دایک و باوک و منداڵ پارێزراو دەبێت لە ھەموو چاڵاکیی مێشک و وا لە منداڵ دەکات زیرەک بێت و چاڵاک بێت و لە کاتی قوتابخانە زۆر چاڵاک دەبێت و خاڵێکی دیکەی زووخەوتن ژیریی منداڵ زۆر پارێزراو دەبێت و ھەمیشە ژیر دەبێت و لێکۆلێنەوە کراوە ئەو منداڵانەی درنگ دەخەون خانەکانی مێشکیان زوو تووشی لەناوچوون دەبێت و ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر داھاتووی منداڵ، بۆیە زووخەوتن منداڵ ژیر دەکات و ئەوە مەبەستی ھەڵمەتی ئێمەیە''.

گوتیشی: "کاردانەوەی خەڵک بەرانبەر ئەو ھەڵمەتە زۆر باشە و دەستخۆشیمان لێ دەکەن و زۆریان پێ باش و گرنگە و ھەمووشیان دەیانەوێت ئەو کارە بکەن، چونکە خەڵک ھەیە نازانێت درەنگخەوتن زیانی ھەیە و ھەیە گوێی پێ نادات و ھەشە بزانێتیش دەڵێ ناتوانم کۆنترۆڵی بکەم، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەش ڕێگەچارەمان داناوە بە چەند خاڵێکی ئاسان کە منداڵەکان ڕابێنین کە شەوان زوو بخەون."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار