بێوار خنسی: سێ کۆمپانیا بۆ کاروباری نەوت دادەمەزرێن
__2021_07_29_h15m44s47__ER.jpg)
کار بۆ بەدامەزراوەییکردنی کەرتی نەوت دەکرێت و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە دەڵێت، سێ کۆمپانیای تایبەت بە کەرتی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێن.
بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ کاروباری وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستی بە ھەنگاوەکانی دامەزراندنی نەوتی نیشتمانی کردووە و بڕیارە کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ کاروبارەکانی نەوت دابمەزرێت و لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستاندا کاروبارەکانی سامانە سرووشتیەکان بەڕێوە دەبرێن کە یاساکە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە لە پەرلەمانی کوردستان.''
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: "سەرەتا سێ کۆمپانیا دادەمەزرێن یەکێک بۆ کاروباری گەڕان بەدوای نەوتدا بەکار دێت و ئەوی دیکەشیان بۆ بەرھەمھێنان و کۆمپانیایەکیش بۆ پاڵاوتن دەبێت."
بێوار خنسی ڕوونی کردەوە: "کەرتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەدامەزراوەیی دەکرێت و دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت دەبێتە ھۆکارێکی زۆر باش بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین سوود لە نەوتی ھەرێم وەر بگرین و کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا ئاسانتر چارەسەر دەکرێن، چونکە بە دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایانە ھەر کۆمپانیایەک کاروباری خۆی دەکات و کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوت دەبێت."
قائید میرۆ




