"جارێکی دیکە بەڵێندەران لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بە کار کردووەتەوە"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران رایگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر، جارێکی دیکە حکوومەت دەستی کردووە بە پێدانی پڕۆژە بە بەڵێندەران و ئەوانیش دەستیان بە کار کردووەتەوە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو بە ھۆی چەند قەیرانێکەوە لە کارکردن وەستابوون.
بەشار عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەت پارەی بۆ پارێزگاکان تەرخان کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پڕۆژە و ھەندێک تەواو دەکرێن و ھەندێکی نوێ دروست دەکرێن، هەروەها شارەوانییەکان لە کوێ پێویستیان بە پڕۆژە ھەبێت، دەیدەن بە پارێزگاکان و ئەوانیش دەیکەن بە تەندەر و دەدرێتە بەڵێندەران، بۆیە ئێستا بۆ کار رەوشی بەڵێندەران باشە و جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە کار، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە و ئەگەر بەردەوام بێت کارێکی باشتریش دەبێت و دەتوانین بڵێین کە تا رادەیەکی باش کێشەی دارایی چارەسەر بووە.
عەلی گوتیشی، لە پڕۆژە نوێیەکان حکوومەت ئێستا بەشی بەڵێندەرانیش دەدات و رۆژانەش پڕۆژە بە بەڵێندەران دەدرێت، کە بۆ پڕۆژەکان بۆ ھەولێر ٢٥ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە و لە سلێمانیش گوژمەیەکی پارە تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی پارێزگاکان بتوانن کێشەکان لە ڕووی ئەنجامدانی پڕۆژەوە چارەسەر بکەن و پڕۆژەکانیش زۆربەی دەدرێتە بەڵێندەران و بەشێکیشی خۆیان ڕاستەوخۆ ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوەی گرنگە بەڵێندەران کەوتوونەتەوە کار، کە ماوەیەکی زۆر بوو لە کارکردن وەستابوون بە ھۆی قەیرانی دارایی و هەندێک قەیرانی دیکەوە.
بڵند ئیبراھیم




