ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: بەردەوامی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و خستنەڕووی هەنگاوی کردارەکیی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.
دووەم: پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی تووشبوون بە فایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەهۆی ئەم پەتایە، و ئەو ڕێکارانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەشەنەبوونەی پەتای کۆرۆنا.
سێیەم: خستنەڕووی پێشنیاری گۆڕینی هەردوو قەزای (سۆران) و (زاخۆ) بۆ ئیدارەی سەربەخۆ.
چوارەم: خستنەڕووی بابەتی (هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت).
پێنجەم: دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییان لە وەرزی سەرما.




