٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ کورد چۆنە؟

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  فەرەنسا وەک وڵاتێکی خاوەن نفووز لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی لە جیهاندا گرنگییەکی گەورەی هەیە، شارەزایانی سیاسی پێیان وایە، فەرەنسا هەمیشە لەگەڵ کورد خاوەن هەڵوێست بووە و پەیوەندییە سیاسییەکانی فەرەنسا لەگەڵ کورد بۆ پێش ٣٠ ساڵ دەگەڕێنەوە.

شەلال گەدۆ، سیاسەتمەداری کورد دەڵێت، هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر کەیسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەڵوێستێکی پێشەنگ و گرنگە و هەمیشە دۆستی کوردان بووە، لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باشووری کوردستانیش، ئەم پەیوەندییە سیاسییە سەرەتا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو.

گەدۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەم پەیوەندییە سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی دەڤەری ئارام، یان هەرێمی کوردستانی ئێستا و لە کاتی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەدوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر فەرەنسا یەکەم دەرگای سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانی بە ڕووی جیهاندا کردەوە.''

ئاماژەیشی دا: "جێگای داخە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش فەرەنسا نەیتوانیوە ئەو دۆستایەتییەی خۆی پێشانی گەلی کورد بدات، چونکە کردەوە خراپەکانی پەیەدە نەیهێشتووە فەرەنسا کارێک بۆ کورد بکات، سەرەتا فەرەنسا پشتیوانی و دەستپێشخەری بۆ دیالۆگی کوردی کوردی دیار کرد، بەڵام پەیەدە ڕێگری کرد و نەیهێشت ئەم دەستپێشخەرییە سەر بگرێت."

ئیبراهیم موسەلم، شارەزای سیاسەتی فەرەنساش دەڵێت، بۆ فەرەنسا هەرێمیکی وەک هەرێمی کوردستان لەنێو چەقی ململانێ و سیراعاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا وەک هەرێمێکی سەقامگیر گرنگە و پشتیوانیشی لێ دەکات.

ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''فەرەنسا هەمێشە دەیەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کورد پەیوەندیی باشی هەبێت، بۆیەشە هەمیشە جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردووەتەوە لە سەردەمی کۆنەوە ئەم پەیوەندییەی کورد و فەرەنسا هەر هەبووە و لە کاتی تەنگانەدا تەنیا فەرەنسا بووە بە هانای گەلی کوردوە هاتووە.''

گوتیشی: ''پەیوەندیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی نەگۆڕی سیاسین و پشتیوانیی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لەنێو ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا لە چەندین ڕووەوە هەنگاوێکی گرنگە و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ گەلی کورد و دەبێ کوردیش ئەم پەیوەندییە سیاسیی بهێڵێتەوە و بەرەو پێشتری ببات بۆ ئەوەی پێگەی سیاسیی کورد لە جیهاندا هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە.''

کاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار