ڤاکسین دەکرێتە مەرجی گەشتکردنی ھاووڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر ئاشکرای کرد، بڕیارێکی نوێ بۆ ھەموو ھێڵە ئاسمانییەکان دراوە و بۆ ئێمەش ھاتووە، ھەر کەسێک ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، ناتوانێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات، تەنھا ھەندێک حاڵەتی لەناکاو نەبێت وەکو نەخۆشی، کە پێویستە ئەوانیش پشکنینی کۆرۆنا بکەن ئینجا رێگەیان پێ دەدرێت.
ئەحمەد ھۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە بڕیارێکی نوێدا، کە دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق دەریکردووە و بۆ ھەموو ھێڵە ئاسمانییەکانی ناردووە و بۆ ئێمەش ھاتووە، مەرجی گەشتکردنی ھەر کەسێک بۆ دەرەوەی وڵات ئەوەیە کە پێویستە ڤاکسینی وەرگرتبێت، ئەگەرنا رێگەی پێ نادرێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات".
ھۆشیار گوتیشی، ئەو بڕیارەی دراوە، لە 1ی 10ی ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت و بۆ ئەوانەی سەردانی ھەرێمیش دەکەن، بە ھەمان شێوە پێویستە ڤاکسینیان وەرگرتبێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، تەنھا ھەندێک حاڵەتی لەناکاو نەبێت ڕێگەپێدراوە، وەکو نەخۆشی، بەڵام پێویستە راپۆرتی پزیشیکییان لابێت و پشکنینی کۆرۆناشیان بۆ دەکرێت، ئەوکات رێگەیان پێ دەدەن گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن.
بڵند ئیبراھیم




