٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن: هەموو پەیوەندییەکانمان بۆ خزمەتی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بەکار دێنین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانداریی هەڤاڵ عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیمان و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانی و عێراقییەکانی کرد بۆ وێبیناری ئەو هەفتەیە لە ژێر ناونیشانی (هەڵسەنگاندنێك بۆ پەیوەندییەکانی پارتیمان لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان).

عەلی حوسێن، لە وێبینارەکەدا ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرێمی کوردستان ئەزموونێکە بە خەبات و تێکۆشانی میللەتی کورد و حیکمەتی مەرجەعی کوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی هاتووەتە ئاراوە، کە لەگەڵ بوونی ئەو هەموو تەنگژە ناوخۆیی و دەرەکییانەدا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی دەستکەوتی گەورە وەدەست بێنێت و پێگەیەکی بەهێز لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دروست بکات. 

گوتیشی: "کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی توانی ناوی پێشمەرگە بکاتە ناسنامەی گەلی کوردستان. سەرۆك بارزانی روئیایەکی ڕوون و ستراتیژی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. پارتیمان هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە هەیەتی، بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دۆزی ڕەوای کوردستان بەکاریان دێنێت."

عەلی حوسێن دەشڵێ: "پارتیمان هەموو کاتێك کاری لەسەر ئەوە کردووە پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستانی، هەروەها زۆر جاریش قوربانی بە دەستکەوتەکانی خۆی داوە بۆ لایەنەکانی تر، بۆ ئەوەی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان بپارێزێت".

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پارتی نابێتە تەڕەف لە هیچ ململانێیەکی ئیقلیمی و جیهانی و هاوسەنگیی خۆی پاراستووە و گوتی: "ئێمە کار لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان دەکەین لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا." 

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانی و عێراقییەکانی پارتیمان هەروەها ڕوونی کردەوە، کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو کاتێك هۆکاری یارمەتیدەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و هیچ کاتێك نەبۆتە تەڕەفی پێکهاتە و لایەنێك لە دژی لایەن و پێکهاتەکانی تر، ئەوەش کاریگەرییەکی باشی هەبووە بۆ ناو و ناوداریی کورد لە ناوچەکە. "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەزموونی هەرێم وەك نموونە بەکار دێنن بۆ ئەوەی بەشەکانی تری عێراقیش چاوی لێبکەن و سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکەی وەربگرن."

گوتیشی، دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستاندا، وای کردووە کوردستان ببێتە سومبولێکی ئاماژەپێکراو لە لایەن کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی و پێگەکەی بەهێزتر کردووە".

عەلی حوسێن هەروەها ئاماژەی بەوەدا کەوا کشانەوەی هەندێك لە لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی مانگی تشرینی یەکەم و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە عێراق، ئاماژەن بۆ ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکان. گوتیشی، ئێمە بە هەموو شێوەیەك خۆمان بۆ ئەو هەڵبژاردنانە ئامادە کردووە و دەبێت پارتی بە هەمان سەنگی پێشووی لە پەرلەمانی عیراقدا بمێنێتەوە.

سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، عەلی حوسێن ڕایگەیاند، پێشبینی ناکەن ئەمەریکییەکان بەو شێوەیەی کە لە ڕاپۆڕتە هەواڵییەکاندا باس دەکرێن لە عێراق و کوردستان بکشێنەوە.

ئاماژەشی دا، ئێمە هەموو کاتێك ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین  و هەر کشانەوەیەك مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر هەرێمی کوردستان دروست ناکات. گوتیشی: "هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی بەهێزدایە و بووەتە واقیعێکی بەهێز لەسەر ئەرزی واقیعدا. لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بە تەنها ماینەوە، بەڵام بوێرانە بەرگریمان لە خۆمان کرد و توانیمان خۆمان بپارێزین و داستانەکانی پردێ و سحێلا تۆمار بکەین."

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کەوا بە جێبەجێکردنی مادەدەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، زۆرێك لە گرفتەکان چارەسەر دەکران و گوتیشی، لە هەر هاوپەیمانیەتییەک لە ئایندەدا، جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی تر، بابەتی میحوەرین کە لەگەڵ لایەنەکاندا ڕێککەوتنی لەسەردا دەکرێت.

سەبارەت بە پەکەکەش، عەلی حوسێن گوتی: "ئێمە نەچووینەتە شاخەکانی باکوور بۆ ئەوەی کێشە بۆ پەکەکە دروست بکەین. دێهاتەکانی ناوچە سنوورییەکان لەبەر هەڕەشەکانی پەکەکە تا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە. پەکەکە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆی بەجێهێشتووە و بووتە هۆکاری پەلکێشکردنی سوپای تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستان. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە ڕێگای حکوومەتی هەرێمەوە هەڵوێست لە دژی هەڕەشەکانی پەکەکە وەربگرن، چونکە پەکەکە بە تەنها کێشەی پارتی نییە، بەڵکو کێشەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیشە."

هەواڵی پەیوەندیدار