ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو جووڵەی بازرگانی زۆر زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو جووڵەی بازرگانی زۆر زیادی کردووە کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ھەزار و ٨٠٠ مامەڵەی بازرگانی کراوە.
نەوزاد شێخ کامیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە ھەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین بۆ کاری بازرگانی لە ڕووی ڕۆتین و ھەموو کارەکانی دیکەوە، بۆیە لە ھەر شوێنێک کاریان پێمان ھەبێت، بۆیان جێبەجێ دەکەین، ھەربۆیە ئەمساڵ مامەڵەی بازرگانی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر جیاوازیی ھەیە و زیادی کردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا دوو ھەزار و٥٠٠ مامەڵە کراوە لە بواری بازرگانیدا، بەڵام ئەمساڵ دوو ھەزار و٨٠٠ مامەڵەی بازرگانی کراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ٣٠٠ مامەڵە جیاوازیی ھەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەو ژمارەیەش ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە کە جووڵەی بازرگانی لە زیادبووندایە."
شێخ کامیل باسی لەوەش کرد: "مامەڵەی ھەناردەمان کەمە و تەنھا ھاوردەمان زۆرە و ئەوەی ھەناردە ڕەنگە نزیکەی ٥٠ مامەڵە کرابێت ئەویش چەند جۆرێکی مامەڵەی بازرگانییە کە کەلوپەلی ناوخۆ ھەناردەی دەرەوە کراون."
بڵند ئیبراھیم




