٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەنشینی ھەرێم: ئەوانەی پێشمەرگەن و بە پلەی باڵا خانەنشین کراون لێیان وەردەگیرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پڕۆسەی چاکسازی بەردەوامە و، چاوەڕێ دەکەین ئەو کەسانەی بە پلەی باڵا خانەنشین بوون و، کەموکوڕی لە دۆسییەکانیان ھەیە بیھێنن، ئەگەرنا بە نایاسایی ھەژمار دەکرێن، بۆیە ئێمە ناوی ھەزار و١٦٦کەسمان کە کەموکوڕی لە دۆسییەکانیان ھەیە، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و ئەوانەی پێشمەرگە بوون بە پلەی باڵا خانەنشین بوون، دەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و، بۆ ئەندامانی پەرلەمانیش چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین  دەست بە چاکسازی لە ناوەکانیان بکەین".

حازم ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە چاکسازیکردن لە خانەنشینانی پلە باڵا وەکو وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتیی و راوێژکار، ئەوانە ھەمووی تەواو بوون و، ھەزار ١٦٦کەسیان کەموکوڕی لە دۆسییەکانیان ھەیە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە، داواشمان کردووە بەڵگەکان بێنن، ئەگەرنا بە نایاسایی ھەژمار دەکرێن، چونکە ئێمە ناتوانین لە خۆمانەوە بڕیار بدەین یاسایین، یا نایاسایین، چونکە ئەمانە کاتی خۆی بەبێ ئەوەی دۆسییەکانیان تەواو بێت، بە مووچەی ٨٠%خانەنشین کراون، بۆیە ئەوەی بەڵگەی پێویست بۆ دۆسییەکانی بێنێت، ئەوانە دەبنە یاسایی، بەڵام کە نەبوو، ئەوکات نایاسایین، چونکە ئەگەر لەخۆمانەوە بڵێین نایاسایی، رەنگە سکاڵامان لەسەر تۆمار بکەن و دۆسیەکانیان تەواو بکەن، ئەوکات تووشی کێشە دەبین، بۆیە پێویستە خۆیان یەکلایی بکەنەوە، ئەوکات بڕیاری لەسەر دەدرێت".

حازم ئیسماعیل گوتیشی: "لە نێو ئەوانەی چاکسازیان تێدا کراوە، بێ شک نایاسایی تێدایە، بەڵام تا دڵنیا نەبین، ناتوانین دیاری بکەین کێ یاساییە و کێ نایاساییە، بۆیە ئەو ئامارەی بڵاو کراوەتەوە راست نییە، چونکە پڕۆسەکە بەردەوامە و ھێشتا تەواو نەبووە".

ئیسماعیل باسی لەوەشکرد: "ئەوانەی پێشمەرگەن و بە پلەی باڵا خانەنشین کراون، لێیان وەردەگیرێتەوە و پێویستە لە وەزارەتی پێشمەرگە پلەیان پێبدرێت، چونکە بەپێی یاسای چاکسازی، ئەوانە پلە باڵا نین، بۆیە فۆرمێکمان دابەش کردووە بۆ ئەوەی ئامارێک کۆبکەینەوە بزانین، کە چەند پێشمەرگە بە پلەی باڵا خانەنشین بوون".

بەڕێوەبەری خانەنشینی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد: "لە نێو ئەو کەسانەی دۆسییەکانیان کەموکوڕی ھەیە، کەسانی ناسراوی تێدایە، بەڵام نامانەوێت ناویان ئاشکرا بکەین لە ئێستادا" .

گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک بدات، بۆ ئەوەی میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ چاکسازیکردن لە ئەندام پەرلەمانەکان، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە چاکسازی لە ئەندامانی پەرلەمان دەکەن".

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار