به بهشداریی ١٢٤ هەزار قوتابی و خوێندکار تاقیکردنەوەکانى دوانزەى ئامادەیی دەستیان پێکرد

هەولێر-KDP.info- دواى ئامادەکارییەکان لە رووى تەندروستى و لۆجستى نێوان هەردوو وەزارەتى تەندروستى و پەروەردەى هەرێمى کوردستان، تاقیکردنەوەکانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی بۆ سەرجەم بەشەکان دەستى پێکرد.
لە سهروهختی بەسەرکردنەوەى هۆڵەکاندا، ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا ڕایگهیاند: ئەمڕۆ ٢٥/٧/٢٠٢١ لەسەرانسەرى کوردستان تاقیکردنەوەکانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی دەستیان پێکرد کە تیایدا ١٢٤ هەزار و ٨٦٩ قوتابی بەسەرجەم بەشەکان بەشدارى تێدا دەکەن، تاقیکردنەوەکان لە ٢هەزار و ٣٦٧ هۆڵ بەڕێوە دەچن و ١٦ هەزار وسێ مامۆستا سەرپەرشتیان دەکەن.
باسی لەوەش کرد ٦ هەزار و ٩٣٤ قوتابی دەرەکیش بەشدارى تاقیکردنەوەکان دەکەن، تاقیکردنەوەکان بۆ خولى یەکەم ئەنجام دەدەرێت و هەفتانە قوتابیان دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن و هەماهەنگى بۆ هەموو لایەنەکان ئەنجام دراوە، لە ڕووى دابینکردنى کارەبا و کەرەستەکانى خۆپارێزیى تەندروستییشهوه.
لەبارەى پرۆسەکەشهوه، وەزیرى پەروەردە گوتى: ئەو پرۆسەیە لە هەرێمى کوردستان دەستى پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت بە شێوەیەکى ئارام بەڕێوە بچن، پرسیارەکان بەتەواوى پارێزراوەون و دابەش کراون، ئامادەکارییەکانیش وەک پێویست کراوە و بەرارورد بە ساڵانى ڕابردوو ئامێرەکانى فێنککەرەوە چوار بەرامبەر ئاماده كراوه هەیە.
ئاماژهی بهوهش كرد: هەر قوتابییەکیش ئەگەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو ئەوا دەتوانێت لە خولى دووەم تاقیکردنەوەکانى ئەنجام بدات، ئەگەر لە خولى دووەم قوتابی تووشی کۆرۆنا بوو، وەک ئەوەى کە ساڵى ڕابردوو ١٥٩ قوتابی لە خوولى دووەم تووشی کۆرۆنا بوو، بۆیە دواى پشتڕاستکردنەوەى ئەنجامەکان، خولى سێیەممان بۆ ئەنجامدان.
لەبارەى دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنیش وەزیرى پەروەردە گوتى پێنشنیازى ئیمە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران و لەگەڵ وەزارەتى تەندروستیش هەماهەنگى کراوە بۆ پێدانى ڤاکسین بە مامۆستایانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و تەواوى مامۆستایان دەگرێتەوە.
لەلای خۆشیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، وێڕای ئهوهی ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە لە سنوورى ١١ پەروەردەى پارێزگاى هەولێر تاقیکردنەوەکانى ١٢ى ئامادەیی بەرێوە دەچن، هاوكات نیگەرانیى خۆیشی نەشاردەوە کە ڕۆژانە ژمارەى توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵدەکشێ، بۆیە دەبێ هاووڵاتیان پابەندى ڕێنوێنییە تەندروستىییهكان بن و جێبەجێیان بکەن.
ئاشكراشی كرد: ڕۆژى سێ شەممەى داهاتوو ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر رێکارەکان لەو چوارچێوەیە دەدرێت.




