٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی: رێگە بە ھاتووچۆی گەشتیاری نادرێت.. ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران دەڵێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران بەردەوامە و لەئاستێکی زۆر باشدایە، ھەموو جۆرە کەل وپەلێک ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام ھاتووچۆی گەشتیاری بەھۆی نەخۆشی کۆرۆنا قەدەغەیە و، بەو شێوەیە بەردەوامیش دەبێت تاوەکو کۆرۆنا کەمدەبێتەوە، یاخود نامینێت، لە ئێستادا تەنیا رێگە بە ھەندێک حاڵەت دەدرێت، ئەوانیش زیاتر بۆ نەخۆشی سەردانی ئێران بکەن.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بەردەوامە و، لە رۆژانی جەژنیش نەوەستاوە و ھەر ھەبووە، لە ئێستادا ئاستی بازرگانی لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ھیچ پەیوەندی بە زیادبوون و کەمبوونەوەی کۆرۆنا نییە، ئێستا ھەموو جۆرە کەل و پەلێک ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ھیچ کێشە و رێگریەک نییە".

عەبدوڵا ئاکرەیی گوتیشی: "بۆ ھاتووچۆ کردنیش سنوورەکان داخراون و رێگە بە ھاتووچۆی گەشتیاری نادرێت، تەنیا بۆ حاڵەتی نەخۆشی، یاخود لە ناکاو، ئەگەر نا رێگە بە ھاتووچۆی گەشتیاری نادرێت، چونکە سنوورەکان بۆ ئەو حاڵەتانە راگیراوە" .

ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: "لەم جەژنەش رێگە نەدراوە ھاتووچۆی گەشتیاری ھەبێت، تاوەکو کۆرۆنا بەوجۆرە حاڵەتەکانی زۆر بێت رێگەی پێنادرێت، چونکە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک دەبێت".

گوتیشی: "ھەرکاتێک دۆخەکە ئاسایی بوو و کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە بچێت، ئەوکات ھاتووچۆی گەشتیاریش ئاسایی دەبێت، بەڵام ئەوەی گرینگە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە".

 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار